گەڕان

بنووسە بۆ چی دەگەڕێیت

بەشەکان

Regions

ئەربیل لایف بەشێک نییە لەبڵاوکردنەوەی ساختەهەواڵ

هەواڵ

ئەربیل لایف بەشێک نییە لەبڵاوکردنەوەی ساختەهەواڵ

رێکخراوی پاسەوان، ڕاپۆرتی ساڵانەی ساختەهەواڵی لە سێ بەشدا بڵاوکردەوە، تێیدا بەدواداچوونی بۆ ئەو هەواڵ و زانیارییانە کردووە كە لە میدیا فەرمی و نافەرمی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەكرێنەوە و گومان لەڕاستیی و دروستییان هەیە.

رێكخراوی پاسەوان، لە بڵاوکردوەیەکدا رایگەیاند؛ لە مانگی 11/2021ەوە دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە، لەماوەی یەك ساڵدا، واتا تا مانگی 11/2022 بەدواداچوونی بۆ سەدان بابەتی جۆراوجۆر كردووە، ئەنجامی بەدواداچونەکان دەریدەخات کە ٢٥٧ بابەتیان ساختەبوون و لەدووتوێی سێ ڕاپۆرتدا بابەتە ساختەکان خراونەتەڕوو.

بنەماو پێوەری بەدواداچوونەكان بەشێوەیەكی هەڕەمەکی ئەنجامدراوە، بەزۆری بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتانەکراوە کە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆرترین کاردانەوەی لەسەربووە.

رێكخراوی پاسەوان، ئاماژەی بەوەکردووە؛ بە توانایەكی مرۆیی سنوردارەوە لەو ماوەیەدا توانیویەتی ئەم بابەتانە ساغبکاتەوە، هەر ئەمەش هۆكاربووە كە نەتواندراوە تەواوی ساختەهەواڵەكانی ناو میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ساغبكاتەوە، كە بەدڵنیاییەوە زۆر لەوە زیاترن كە لەم راپۆرتانەدا ئاماژەیان پێكراوە.

رێکخراوەکە لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی پێداوە؛ مەرج نییە ژمارەی ئەو ساختەهەواڵانەی لەم ڕاپۆرتەدا بڵاوکراوەتەوە تێکڕای ژمارەی ئەو ساختەهەواڵانە بێت کە لەلایەن ئەو میدیا و پێگە ئەلیکترۆنیانەوە بڵاوکراوەتەوە کە ناویان هاتووە، هاوکات مەرج نییە ئەو میدیا و پێگە ئەلیکترۆنییانەی ناویان لەم ڕاپۆرتەدا نەهاتووە بابەتی ساختەیان بڵاونەکردبێتەوە، بەپێچەوانەوە هەندێک جار تیمی بنکۆڵکاریی پاسەوان بەمەبەست گرنگییان بەو ساختەهەواڵانە نەداوە کە کاردانەوەی کۆمەلگەیان لەسەرنەبووە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەزیاتر بڵاوبونەوەیان.

پرۆژەی ساختەهەواڵ یەكێكە لە پرۆژەكانی رێكخراوی پاسەوان، لەرێگەی تیمێكی رۆژنامەوان و ئەکادیمی بەئەزموونەوە ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵ و زانیارییانە دەكات كە لە میدیا فەرمی و نافەرمی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەكرێنەوە و گومان لەڕاستیی و دروستییان هەیە.