گەڕان

بنووسە بۆ چی دەگەڕێیت

بەشەکان

Regions

بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دەگۆڕدرێت

هەواڵ

بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دەگۆڕدرێت

بە چوار ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینار قۆناخی یەکەمی گۆڕینی بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر دەستیپێکرد، ماوەی تەواوکردنی قۆناخی یەکەم لە ١١٠ بۆ ١٢٠ رۆژە.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ قۆناخی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر کە ئاوی خواردنەوە بۆ ژمارەیەک گەڕەکی هەولێر دابیندەکات، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار, راگەیاند “ئەمڕۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆڕی ئیفراز ٣ـی هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. قۆناغی یەکەمی ئەو پرۆژەیە درێژییەکەی دوو هەزار و ٧٥٠ مەترە و تێچووی گۆڕینی چوار ملیار و ٦٥٠ ملیۆن دینارە”.
درێژیی بۆڕیی ئیفراز سێی هەولێر، ١١ کیلۆمەترە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، رایگەیاند “کۆی تێچووی گۆڕینی تەواوی ئەو بۆڕییە ٢١ ملیار دینارە. ماوەی دیاریکراو بۆ تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی پرۆژەکەش وەک کۆمپانیای جێبەجێکار پێی راسپێردراوە، ١١٠ بۆ ١٢٠ رۆژە”.

بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، دەکەوێتە باکووری هەولێر و نزیکەی ٤٠%ـی ئاوی شاری هەولێر دابین دەکات. لەماوەی رابردوودا بەهۆی کۆنییەوە زیاتر لە ٢٠ جار شکا و چاککرایەوە، بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەمەبەستی لەڕەگەوە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەمساڵ بڕیاردرا بەتەواوی بگۆڕدرێت.