گەڕان

بنووسە بۆ چی دەگەڕێیت

بەشەکان

Regions

حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ ساز دەکرێت

هونەر

حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ ساز دەکرێت

لە فیستیڤاڵەکەدا چەندین بەرهەمی شانۆیی کلتوورە جیاوازەکان دێنە نمایش و لە نێویاندا هەولێریش نوێترین بەرهەمی شانۆیی خۆی پێشکەش دەکات.

بڕیارە لە ڕێکەوتی ١٢/١١/٢٠٢٢ بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری, حەوتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ شانۆ بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و بیانی و هەر چوار پارچەی کوردستان لە هەولێری پایتەخت ساز بکات.

سەبارەت بە ئەنجامدانی فیستیڤاڵەکە (هیوا سوعاد یونس) بەڕێوەبەری هونەری شانۆی هەولێر گوتی” جێگەی خۆشحاڵیە جارێکی تر هەولێر فیستیڤاڵێکی هونەری بۆ ماوەی هەفتەیەک بە ئامادەبوونی میوانانی عەرەبی و بیانی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان لە ئامێز دەگرێت و لە پایتەختی کوردستان بەرهەمە شانۆییەکانیان نمایش دەکەن، هاوکات چەندین کۆڕ و سیمیناری تایبەت لە بارەی شانۆگەرییەکان ساز دەکرێت، وەک هەولێریش بەرهەمێکی ناوازەمان ئامادەکردووە بۆ یەکەم جار نمایشی دەکەین”

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا “جگە لە وڵاتانی دنیاش شارەکانی کەرکوک و سلێمانی و دهۆک و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەرهەمە شانۆییەکانیان لێرە نمایش دەکەن و کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر و سیناریۆ و دەرهێنان و باشترین بەرهەمی شانۆیی دەکەن”

گوتیشی: ئەگەرچی وەک خولەکانی پێشوو دەست کراوەنین لە ئەنجامدانی چالاکیی ڕەنگاوڕەنگ لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر بەهۆی بارودۆخی دارایی کوردستان، بەڵام میوانانمان لە دوورترین وڵاتی جیهانەوە دێنە کوردستان و ئەزموونی سەقامگیری هەرێم بە چاوی خۆیان دەبینن و لە کەشێکی هونەریی دا گەنگەشەی پتەوکردنی پێوەندی نێوانمان دەکەین و نەخشە بۆ چەند پڕۆژەیەکی نوێی هونەری دادەڕێژین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە هەماهەنگی چەندین کاری شانۆیی ئەنجام بدەین.

رۆزە گەردی – ئەربیل لایف