گەڕان

بنووسە بۆ چی دەگەڕێیت

بەشەکان

Regions

هەولێر.. ڕێوڕسمى بڵاوکردنەوەى کتێبى “ئەمەریکا لە چاوی پەنابەرێک” بەڕێوە چوو

ئەدەب

هەولێر.. ڕێوڕسمى بڵاوکردنەوەى کتێبى “ئەمەریکا لە چاوی پەنابەرێک” بەڕێوە چوو

ڕۆژى ١ـى ١٠ـى ٢٠٢٢ ، لە سەنتەرى ئاڵا لە شارى هەولێرى پایتەخت ڕێوڕەسمى ناساندن و بڵاوکردنەوەى کتێبى ئەمەریکا لە چاوی پەنابەرێک” وە بەڕێوەچوو. کە لەلایەن نووسەر و ڕۆژنامەوان (گۆران شاخەوان) ئامادەکرابوو.

گۆران شاخەوان، نووسەر و رۆژنامەوان ، لەمیانەى ڕێوڕەسمى بڵاوکردنەوەى کتێبەکەیدا ، ڕایگەیاند:”بەرهەمى “ئەمەریکا لە چاوی پەنابەرێک”وە ، دەبێتە دووەم بەرھەمی چاپکراوم و تێیدا باسی مێژووی ئەمریکا دەکەم”.

وەک نوسەر باسى دەکات ، لە پەرتووکەکەدا “خوێنەر گەشتێک بۆ ئەمریکا دەکات، بە خەیاڵ لە یەک بە یەکی ویلایەت و شارە گەورەکان دەگەڕێت، دەچێتە تایم سکوێر، لەوێ بۆ دوورگەی هوایی، پاشان بازێک بۆ ناشناڵ مۆڵ دەدات. جارجار لەنێو گەرمەی شەڕ و ئاهەنگی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێو رووداوەکانی کوردستان، ئینجا لەسەرخۆ بەوپەڕی دڵخۆشییەوە دێتەوە سەر باسی زمان و فەرهەنگی کوردەوارى.

نوسەر لە قسەکانی دا بۆ ئەربیل لایف گوتی :”پەرتووکەکەم لە 480 لاپەڕە پێکهاتووە، هەریەک لە د. حەمە مەنتک، د. گۆران سەباح و محەممەد مێرگەیی پێداچوونەوەیان بە دەقەکەدا کردووە، کرمانج عەبدولمەجید دیزاینی بۆ بەرگ و ناوەڕۆکی پەرتووکەکە کردووە و ئەمڕۆش بلاوى دەکەمەوە و داهاتی پەرتووکەکە پێشکەشى سندووقی کۆمەک بۆ شێرپەنجە دەکەم ئەمەش وەک خزمەتێکە بۆ ئەوانەی کە تووشبووی شێرپەنجەیان هەیە، بەڵکو لەو رێگەیەوە بتوانم بەشێک لە ئازارەکانیان کەم بکەمەوە.”

گوتیشى:”جگە لە هەولێر، لە شارەکانى سۆران و چۆمانیش كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌م بۆ ناساندنی كتێبه‌كه‌م كردووه و کتێبەکەشم لە ناوەندی ئاوێر لە هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دیكه‌ی هەرێمی کوردستان بەردەست دەبێت”.

گۆران شاخەوان ، یەکێکە لە نووسەر و ڕۆژنامەنوسەکانى کوردستان ، جگە لەم بەرهەمە پێشتریش کتێبێکی دیکەى بەناوی “چەپکێک لە زمان و فەرهەنگی باڵەکایەتی” بڵاوکردووەتەوە، کە باس لە رەگەزی نێر و مێ لە شێوەزاری سۆرانی دەکات و لە بەشێک لە زانکۆکانی کوردستان وەک سەرچاوە بەکاردێت.

رۆزە گەردی ـ ئەربیل لایف