گەڕان

بنووسە بۆ چی دەگەڕێیت

بەشەکان

Regions

وادەی تەواوبوونی پڕۆژەی سندوقی ئاوەڕۆی 60 مەتری ھەولێر ئاشکرا بوو

هەواڵ

وادەی تەواوبوونی پڕۆژەی سندوقی ئاوەڕۆی 60 مەتری ھەولێر ئاشکرا بوو

دروستکردنی پڕۆژەی سندوقی ئاوەڕۆ لە شەقامی 60 مەتری ھەولێر مانگێکی بەسەر تێپەڕی، کەچی تا ئێستا پڕۆژەکە کاری لێ دەکرێت و کارەکەی تەواو نەبووە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێریش وادەی تەواوبوونی بۆ ئەربیل لایف ئاشکرا دەکات.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی سۆشیال میدیای ئەربیل لایف، زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی ھەولێر لەبارەی ھۆکاری تەواونەکردنی پڕۆژەکە لە وادەی خۆیدا گووتی: ” سەدا 80ـی پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی 60 مەتری ھەولێر تەواو بووە و بەم نزیکانە کۆتایی بە کارەکان دێت”

زەردەشت عەبدولخالق زیاتر گووتی: ” تا 7 یان 8 رۆژیتر کارەکان کۆتاییان پێدێت و شەقامەکە بەڕووی ھاوڵاتییان دەکرێتەوە”

لەبارەی ھۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆ ئەوەی خستەڕوو و گووتی: ” دواکەوتن بەھۆکاری تەکنیکی و دواکەوتن لەلایەن ستافی جێبەجێکارەوە بووە، ئەگەر چی کارەکان لەڕووی ھەڵکەندن و سەب و بەیەک بەستنەوەی جۆینەکان تەواوبووە و بۆ ئەو چەند رۆژە تەواوکاری بۆ دەکەین، ئینجا کاری پڕکردنەوەی و قیرکردن دەستپێدەکات”

ئەربیل لایف لەمیانی بەدواداچوون بۆ ھۆکاری دواکەوتن قسەی لەگەڵ بەڵێندەرێکی پڕۆژەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بودجەی تەواو بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان نەکراوە بۆیە سستی لە بەڕێوەچوونی کارەکان ھەیە، بەڵام زەردەشت عەبدولخالق لەبارەی ئەم بابەتە ئەوەی ئاشکرا کرد کە کێشەی بودجە تەواو بووە و چەند کێشەیەکی کارگێڕی ھەبوە و ئەویش چارەسەر کراوە.

ئەمڕۆ 3ـی 9 یەک مانگ بەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەکە تێپەڕی، بڕیار وابوو بەپێی بڵاوکراوەی ھاتوچۆی ھەولێر زووتر تەواو بێت بەڵام بەھۆکاری جیاواز دواکەوت، ھاوکات ئەم شەقامەش بە درێژایی ساڵ بەردەوام جانجاڵی بەخۆیەوە دەبینێت و بەتایبەتی لە رۆژانی دەوامی فەرمانبەران، ئەمە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن و چاوەروان دەکرێت پێش دەستپێکردنی دەوامی قوتابییان و مامۆستایان تەواو بکرێت.

زیرەک میهری ـ ئەربیل لایف