گەڕان

بنووسە بۆ چی دەگەڕێیت

بەشەکان

Regions

پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاری لەهەولێر کرایەوە

هونەر

پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاری لەهەولێر کرایەوە

رۆژی شەممە ٢٠٢٢/٣/١٢ پێشانگەیەکی تایبەت بەکارە هونەرییەکانی هونەرمەند سۆنیا بەشیر، لەفێرگەی فرێمینگ کرایەوە .

هونەرمەند سۆنیا بەشیر، لە بارەی پێشانگە تایبەتەکەیەوە بە (ئەربیل لایف) ی ڕاگەیاند : “ئەو تابلۆیانەی لە پێشانگەکەمدا نمایشم کردوون گوزارشت لە ناخی خۆم دەکەن”.

روونیشکردەوە :”من چونکە مێینەم و هەستەکانیشم هی ژنێکە، تابلۆکانم چیرۆک و ئازاری ئەم ژنە شی دەکاتەوە من پێشتر ئەوەم روونکردەوە، روونکردنەوەی زیاتری ناوەرۆکی تابلۆکانم، وەک ئەوە وایە من کارەکانم بێ بەها بکەم یان لەسەنگ و قورسایی ئەو کارانەم کەمبکەمەوە، چونکە تەنانەت هەر هەناسەیەکم دابێت لەو تابلۆیانەدا هەیە، خۆیان خۆیان دەگێڕنەوە ”.

بە گوتەی ئەم هونەرمەندە” بۆ هونەرمەندێک زۆر سەختە بە وردەکارییەوە ناوەرۆکی کارەکانی شی بکاتەوە ئەمە ئاژاوەی ناخی منە لە ناخی مندا هەزاران پرسیار و چیرۆک هەزاران خەون هەیە کە دەکرێ من هەر یەک لەمانە لە ڕێگەی تابلۆکانم بکێشمەوە ، ئەوە کاری من نیە حوکم لەسەر ئەوە ژیانە بدەم کە خۆی خاوەنێکی هەیە ، ژنەکانی نێو تابلۆکانم حەزدەکەن خۆیان قسە بکەن و شتانێک بڵێن“.

هەروەها گوتی: ”پەژارەی مرۆ و ئەفسانە یۆنانییەکان هاندەری کارە هونەرییەکانی منن ”.

پێشانگاکە تاکو یەک هەفتە بەردەوامی دەبێت، لەکاتژمێر ٣ی نیوەڕۆ تاکو ٩ی شەو لەگەلەری فێرگەی فرێمینگ لەهەولێر.

سۆنیا کچە گەنجێکی شاری هەولێرە، دەرچووی کۆلێژی ئەدەبیات و زمانی ئینگلیزیە و دەسپێکی گەورەی کاری هونەری شێوەکاری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ـە.

ئەربیل لایف – رۆزە گەردی