ئەربیل لایڤ ئامادەکردنی: ئەحمەد جەمال
بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) بڕیاریدا بە تەرخانکردنی ١٢ کورسیی خوێندن تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاستی زانستی و ئەکادیمیی کادرانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان.
دکتۆر هاوکار یاسین، سەرۆکی بەشی تەکنیکی میدیا ڕایگەیاند: “ئەم کورسییانە بەسەر خوێندنی بەیانیان (٦ کورسی بەخۆڕایی) و ئێواران (٦ کورسی) دابەشکراون. وەرگرتنیش لەسەر بنەمای کێبڕکێی نمرە، تاقیکردنەوەی تیۆری و پراکتیکی و خاڵبەندی دەبێت، تاوەکو شەفافیەت و دادپەروەری بۆ هەموو داواکاران مسۆگەر بکرێت.”
گرنگترین مەرجەکانی پێشکەشکردن:
– پێشکەشکار دەبێت ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بێت و پشتگیری هەبێت.
– بۆ خوێندنی بەیانیان: سێ ساڵ ئەزموونی کارکردن، تەمەن لە ٣٥ ساڵ زیاتر نەبێت و
نمرەی ئامادەیی لە ٥٥ کەمتر نەبێت.
– بۆ دەرچووانی بەشە پیشەییەکان، پێویستە کۆنمرەیان لە ٦٠ کەمتر نەبێت.
– پێشکەشکار نابێت پێشتر دەرچووی هیچ زانکۆ یان پەیمانگایەک بێت و پێویستە بەڵگەی
چالاکییە میدیاییەکانی پێشکەش بکات.
دکتۆر هاوکار جەختی لە گرنگی ئەم هەنگاوە کردەوە و ڕایگەیاند: “هیوادارم ڕۆژنامەنووسان ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی لە بوارەکەیاندا بخوێنن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پیشەییتر وسەردەمیانەتر کارەکانیان ئەنجام بدەن.”
جێی ئاماژەیە، یەک لەسەر سێی کورسییەکان بۆ دەرچووانی بەشە پیشەییەکان تەرخانکراوە و پێشکەشکاران دەبێت سەرجەم چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیان بە دۆکیۆمێنت پێشکەش بە لیژنەی وەرگرتن بکەن.



