تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف ئامادەکردنی: ئەحمەد جەمال

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گشتاندنێکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکان کرد، کە تێیدا کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی بارودۆخی بەشە ناوخۆیییەکان و پاراستنی سەلامەتیی گیانی خوێندکاران و ستافی زانکۆکان دیاریکردووە.

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، وەرگرتنی خوێندکاران لە بەشە ناوخۆیییەکان بەستراوەتەوە بە چەند پێوەرێکی سەرەکی، کە گرنگترینیان ئەوەیە خوێندکار دەبێت لەو زانکۆ حکومییە بخوێنێت کە بەشە ناوخۆیییەکەی لێیە و شوێنی نیشتەجێبوونیشی ئەوەندە دوور بێت کە نەتوانێت ڕۆژانە هاتووچۆ بکات، هاوکات پێویستە بەڵێننامەی فەرمی بۆ پابەندبوون بە یاساکان واژوو بکات.

لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئەمنییەوە، وەزارەت جەختی لەسەر ئەرکی بەڕێوەبەرایەتیی بەشە ناوخۆیییەکان کردووەتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکانی وەک ئاو، کارەبا و سیستەمی گەرمکەرەوە و فێنککەرەوە. هەروەها بڕیاردراوە بە چڕکردنەوەی ڕێکارە تەندروستی و ئەمنییەکان لە ڕێگەی دانانی کامێرای چاودێری، دابینکردنی بنکەی تەندروستی و ئەمبوڵانس، لەگەڵ پشکنینی مانگانەی خواردنگە و کافتریای بەشە ناوخۆیییەکان.

هەر لە ناوەرۆکی ڕێنماییەکاندا، کۆمەڵێک ڕەفتار و کەرەستە لەناو بەشە ناوخۆیییەکاندا بە تەواوی قەدەغە کراون، لەوانە: هێنان و بەکارهێنانی ماددەی کحولی و هۆشبەر، چەک و کەرەستەی تیژ، نێرگەلە، هیتەری کارەبایی و هێنانی میوان.

هاوکات جەختکراوەتەوە کە ئەنجامدانی هەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی و حیزبی لەناو بەشە ناوخۆیییەکاندا ڕێگەی پێنادرێت.

ئەم بڕیارە نوێیەی وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک هەنگاوێکە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەباری خوێندن؛ لە ڕێنماییەکاندا هۆشداری دراوە کە هەر خوێندکارێک پابەندی ڕەوشتە گشتییەکان نەبێت، یان ببێتە هۆی دروستکردنی پشێوی و بەکارهێنانی ماددە قەدەغەکراوەکان، بە یەکجاری لە بەشە ناوخۆیی دەردەکرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕی دەبێتەوە.

Exit mobile version