تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

هەولێر – ئەربیل لایف

بەمەبەستی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی لافاو و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان، ئەمڕۆ
دووشەممە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی گشتگیری بۆ پاککردنەوەی مەنهۆڵ،
چەپەر و ڕێڕەوەکانی ئاوەڕۆ لە سەرتاسەری شارەکەدا دەستپێکرد.

هەڵمەتەکە لەسەر ڕاسپاردەی ئەندازیار (کارزان عەبدولهادی) سەرۆکی شارەوانیی هەولێر،
لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزییەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئامانج لەم هەنگاوە، پاککردنەوەی سەرجەم ئەو ڕێڕەوانەیە کە ئاوی بارانیان پێدا
تێدەپەڕێت، تاوەکو لە کاتی هاتنی شەپۆلە بارانبارینەکاندا هیچ بەربەستێک دروست
نەبێت و ئاو پەنگ نەخواتەوە.

هاوکات شارەوانیی هەولێر پەیامێکی ئاراستەی هاونیشتمانیان، کاسبکاران و خاوەنکاران
کردووە و داوایان لێ دەکات هاوکار بن لە پاراستنی پاکوخاوێنیی شارەکەدا. جەختیش
دەکەنەوە کە فڕێدانی زبڵ و پاشماوە بۆ ناو مەنهۆڵەکان، هۆکاری سەرەکیی گیرانی
ئاوەڕۆکان و دروستبوونی لافاوە لە شەقامەکاندا.

بۆ سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە، شارەوانی چەند ڕێنماییەکی گرنگی بڵاوکردووەتەوە:

  • پاراستنی ژینگە: دوورکەوتنەوە لە فڕێدانی زبڵ، کارتۆن و پاشماوەی ماڵان بۆ ناو
    مەنهۆڵ و چەپەرەکانی سەر شەقام.
  • ڕێنمایی بۆ چێشتخانەکان: نابێت پاشماوەی چەوری و ڕۆن ڕاستەوخۆ بکرێتە ناو
    ئاوەڕۆوە، چونکە دەبێتە هۆی ڕەقبوون و گرتنی ڕێڕەوەکە.
  • خاوەن پڕۆژەکان: پێویستە پاشماوەی بیناسازی و خۆڵ و خەڵی پڕۆژەکان کۆنتڕۆڵ
    بکرێت تا نەچێتە ناو تۆڕی ئاوەڕۆی گشتی.
  • ئاگادارکردنەوە: لە کاتی بینینی هەر گیرانێکی مەنهۆڵ لە گەڕەکەکاندا، پێشوەختە
    تیمەکانی شارەوانی لێ ئاگادار بکرێنەوە.

لە کۆتاییدا شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە پاراستنی سیستەمی ئاوەڕۆ،
ئەرکێکی نیشتمانی و ژینگەییە بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیان و ماڵی هاونیشتمانیان و
پاراستنی جوانیی شارەکە.

Exit mobile version