هەولێر — ئەربیل لایف
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێر ئاماری چالاکییەکانی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵی ڕاگەیاند؛ بەپێی ئامارەکە لە ئەنجامی نزیکەی هەشت هەزار سەردانی مەیدانی، 649 شوێنکار سزادراون و 51 شوێنیش داخراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە ڕۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026 بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی چاودێریی بازاڕ 7 هەزار و 964 سەردانی مەیدانییان بۆ بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان ئەنجامداوە؛ لەوانە 4 هەزار و 817 سەردان لە کاتی بەیانیان و 3 هەزار و 147 سەردانیش لە ئێواراندا بووە.
زۆرترین سەردانیش بۆ مارکێتەکان بووە کە 2 هەزار و 404 سەردان تۆمارکراوە.
سەبارەت بە سەرپێچی و ڕێکارە یاساییەکان، 649 شوێن بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێننماییەکان سزادراون و زۆرترین سزاش بەر مارکێتەکان کەوتووە کە 192 سزایە. هەروەها 51 شوێنکار بەهۆی سەرپێچیی گەورەوە داخراون و کۆی بڕی سزای دارایی سەپێندراو گەیشتووەتە 107 ملیۆن و 524 هەزار دینار.
لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و ڕێگریکردن لە ساغکردنەوەی کەلوپەلی خراپبوو، دەست بەسەر 199 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو و 51 جگەرەی ئەلیکترۆنیی (ڤەیپ) ماوەبەسەرچوودا گیراوە.
لە لایەکی ترەوە، لەو ماوەیەدا 941 هەزار و 563 کارتۆن هێلکەی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوەی پارێزگاکە ڕەوانە کراوە، هاوکات بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتەکە زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر گازی شل بە نرخی دیاریکراو بەسەر سەموونخانەکاندا دابەشکراوە.



