کارزان موحسین عەبدوڵڵا، دارتاشێکی شاری هەولێر، کە نزیکەی ٢٥ لۆ ٣٠ ساڵە لەم شارەدا سەرقاڵی دروستکردنی لانکە، باس لە گۆڕانکارییەکانی ئەم پیشە کۆنە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “لانکی کۆن زۆر زۆر باشترە لەوەی ئێستا”.
بە وتەی کارزان، دروستکردنی لانک لۆ سەردەمێکی زۆر کۆن دەگەڕێتەوە، تەنانەت پێش ساڵانی پەنجاکان و لەلایەن باوباپیرانەوە کاری تێدا کراوە، لانکی کۆن بە دەست دروست دەکرا، قایم و بەهێز بوو، تەنانەت ئەگەر لە شوێنێکی شێداریشدا دانرایە، هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەدەبوو و خۆی دەگرت، ئەو لانکانە زیاتر بە ڕەنگی سپی و بە بۆیەی ڕۆنی ڕەنگ دەکران و سروشتی ڕەنگی دارەکەی خۆیان جوانتر بوو.
بەڵام لە ئێستادا، شێوازی دروستکردنی لانک گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە و لانکە نوێیەکان، کە زۆربەیان لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن، بە ماددەی MDF دروست دەکرێن و بە ئامێری CNC کارەکانیان بۆ دەکرێت، ئەم لانکانە نزیکەی پێنج ساڵێکە دەرکەوتوون و چەندین جۆری جیاواز (سێ بۆ چوار جۆر) و بە شێوەی نەخشێنراو و سادە بەردەستن، کارزان ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا لانکە کۆنەکان کوالێتییەکی بەرزیان هەبووە، لانکە نوێیەکان بەهۆی ماددەکەیانەوە کەمتر خۆیان دەگرن و ئەگەر شێدار ببن، زوو تێکدەچن.
سەبارەت بە خواست لەسەر لانک، کارزان موحسین عەبدوڵڵا ڕوونی دەکاتەوە کە خواست لەسەر لانک زۆرە، بەڵام زیاتر لە گوند و قەزا و ناحیەکان بەکاردەهێنرێن، لە کاتێکدا لە ناو شارەکان کەمتر داواکارییان لەسەرە، نرخەکانیشیان بەپێی جۆر و نەخشەکانیان جیاوازن؛ لانکە نەخشێنراوە تورکییەکان نرخەکەیان لە ٣٥ هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە ١٠٠ هەزار دینار، لەکاتێکدا لانکە سادە دارینەکان نرخەکانیان لە نێوان ٢٠ لۆ ٢٥ هەزار دینار دایە.
به گشتی، سهرهڕای پێشكهوتنی تهكنهلۆژیا و بهكارهێنانی ئامێری مۆدێرن له دروستكردنیدا، لانک ههر وهك خۆی و به ڕەسەنایەتی خۆیهوه ماوهتهوه و سیمایهكی جوان به ماڵه كوردییهكان دهبهخشێت.
لەکۆتاییدا، کارزان موحسین عەبدوڵڵا، کە جگە لە دروستکردنی لانک کاری فرنی و شتی تریش دەکات، جەخت لەسەر ئەو جیاوازییە کوالێتییە دەکاتەوە و هیواخوازە کە گرنگی زیاتر بە دروستکردنی لانکی خۆماڵی و بەکارهێنانی دارێکی سروشتی بدرێت.