تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف – هەولێر لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا،
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر چەند ڕێنماییەکی گرنگ بۆ شۆفێران
بڵاودەکاتەوە و هۆکارە سەرەکییەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل لەم وەرزەدا دەخاتە ڕوو.

بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە چەند هۆکارێکی تەکنیکی و مرۆیی لە پشت
گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکانەوەن، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

١. گەرمبوونی بزوێنەر: پەککەوتنی سیستەمی ساردکەرەوە یان کەمیی ئاوی ڕادێتەر،
دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مەکینە بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
٢. لێچوونی ماددە سووتێنەرەکان: دزەکردنی بەنزین یان ڕۆنی مەکینە و بەرکەوتنیان بە بەشە گەرمەکانی ئۆتۆمبێل، دەبێتە هۆی داگیرسانی خێرا.
٣. کێشەی کارەبایی: بوونی هەر تێکچوونێک یان داخورانێک لە وایەرەکاندا، لەژێر کاریگەری گەرمایەکی زۆردا پریشکی کارەبایی دروست دەکات.
٤. جێهێشتنی ماددە گڕگرتووەکان: مانەوەی کەلوپەلەکانی وەک (چەرخ، بۆن، بوتڵی
بەتاڵ، پاوەربانک و مۆبایل) لە ناو ئۆتۆمبێل و لەژێر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆردا،
مەترسییەکی گەورەی تەقینەوە و گڕگرتنیان لێدەکرێت.

بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە
پێویستە هەموو ئۆتۆمبێلێک بوتڵی ئاگرکوژێنەوەی دەستی تێدابێت. هەروەها داوا لە شۆفێران دەکات لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵە
گەرمەکانی (١١٥ – ١٢٥)ی بەرگری شارستانییەوە بکەن.

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٥

Exit mobile version