تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف – هەولێر

زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر، پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندن لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) ڕادەگەیەنێت و داوا لە خوازیاران دەکات لە کاتێکی دیاریکراودا سەردانی کۆلێژ بکەن.

سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕاگەیاند: “سەرجەم قوتابییان، هونەرمەندان و ئارەزوومەندانی خوێندنی ئەکادیمی ئاگادار دەکەینەوە کە دەرگای پێشکەشکردن بۆ ساڵی خوێندنی نوێ لە کۆلێژی هونەرە جوانەکان واڵا کراوە.”

ماوەی پێشکەشکردن: پڕۆسەی وەرگرتنی فۆرم لە ڕێکەوتی ٣ / ٨ / ٢٠٢٦ دەست پێ دەکات و تاوەکو ٢٠ / ٨ / ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت. خوازیاران دەتوانن ڕۆژانە لە کاتژمێر (٩:٠٠ی
بەیانی تاوەکو ١:٠٠ی دوانیوەڕۆ) سەردانی کۆلێژ بکەن.

بەشەکانی کۆلێژ: خوێندن لەم کۆلێژە چوار ساڵە و دەرچوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس
بەدەستدەهێنێت لەم بەشانەدا:

١. بەشی شێوەکاری: (وێنەکێشان، دیزاین، سیرامیک، پەیکەرسازی).

٢. بەشی موزیک: (ئێتنۆموزیکۆلۆجی، ژەنین، موزیکدانان).

٣. بەشی سینەما و شانۆ: (لقی سینەما، لقی شانۆ).

مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتن:

  • دەرچووانی پۆلی ١٢: دەبێت دەرچووی ساڵانی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) یان (٢٠٢٥-٢٠٢٦) بن،
    تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ زیاتر نەبێت و کۆنمرەیان لە ٥٥٪ کەمتر نەبێت.
  • دەرچووانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان: دەبێت تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ زیاتر نەبێت،
    پێنج ساڵ کەمتر بەسەر دەرچوونیاندا تێپەڕیبێت و کۆنمرەیان لە ٦٠٪ کەمتر نەبێت.
  • سیستەمی پاڕاڵێڵ: ئەو دەرچووانەی نمرەیان کەمترە (تا ٥٥٪ بۆ پەیمانگەکان) و
    تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ تێپەڕی نەکردووە، دەتوانن بە شێوازی پاڕاڵێڵ پێشکەش بکەن.
  • بەهرەمەندان: ئەو هونەرمەندانەی ئەندامی سەندیکان، بەپێی مەرج و ڕێنماییە
    تایبەتەکان و بەبێ ڕەچاوکردنی تەمەن (بۆ هەندێک حاڵەت)، مافی پێشکەشکردنیان
    هەیە.

ڕێکاری پێشکەشکردن: قوتابییان پێویستە بەڵگەنامەکانیان لە ناو فایلی تایبەتدا
پێشکەش بکەن کە ڕەنگەکانیان بەپێی بەشەکان دیاریکراوە:

  • فایلی سپی: بۆ بەشی شێوەکاری.
  • فایلی شین: بۆ بەشی موزیک.
  • فایلی زەرد: بۆ بەشی سینەما و شانۆ.

دوای وەرگرتنی فۆرمەکە، تەنها یەک هەفتە دەرفەت لەبەردەم قوتابیدا دەبێت بۆ
پڕکردنەوە و گەڕاندنەوەی بۆ کۆلێژ.

Exit mobile version