تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف – هەولێر

پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گوندی شاوێس، ڕایگەیاند کە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی شومولی بڕیارەکە بەردەوامە و دڵنیایی دا کە هیچ فەرمانبەرێک کە مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی تێدایە، بەبێ زەوی نامێنێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە گوندی شاوێس، بە بۆنەی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی قیرتاوکردنی شەقامەکانی گوندەکە، ڕایگەیاند کە ئەم پرۆژەیە بە تێچووی ٢٥٠ ملیۆن دینار و لە داهاتی خۆیی شارەوانی جێبەجێ دەکرێت.
خۆشناو جەختی لە گرنگی گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکان لە شاوێس کردەوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەت تەنها قیرتاوکردنی شەقامەکان نییە، بەڵکوو دروستکردنی ئاوەڕۆ و ژێرخانییەکانی تریش دەگرێتەوە، بەتایبەتی بۆ ڕووبەڕوو نەبوونەوە لەگەڵ گرفتەکانی وەرزی باران.

لەبارەی دابەشکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، پارێزگاری هەولێر وتی بەپێی بڕیاری سەرۆکی حکومەت، هیچ فەرمانبەرێک کە مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی تێدایە، بەبێ زەوی نامێنێت.
بەپێی قسەکانی خۆشناو، زیاتر لە ٥٠٪ی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکانیان تێدایە و پرۆسەکانیان تەواو کردووە، جێبەجێ کراوە.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە شاوێس لەو شوێنانەیە کە ئێستا کێشەی دابینکردنی زەوی هەیە، بەڵام دڵنیایی دا کە زەوی بۆ فەرمانبەرانی شومولی ئەم ناوچەیە دابین دەکرێت و ئەگەر لە ناو سنووری شارەوانییەکە زەوی بەردەست نەبێت، بەپێی بڕیارەکە نزیکترین شوێنی گونجاو بۆیان دابین دەکرێت.

قۆناغی دووەمی قیرتاوکردنی شەقامەکانی گوندی شاوێس لە چوارچێوەی پرۆژەکانی گەشەپێدان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت.

Exit mobile version