هەولێر – ئەربیل لایف
بەڕێوەبەرایەتیی پڕۆژەی «ڕووناکی» ڕایگەیاند، ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە سوودمەند نەبوون لە داشکاندنەکانی پێشوو، لەمەودوا قەرزە کەڵەکەبووەکانیان بە شێوەی پشکی مانگانە و بەبێ هیچ داشکاندنێک دەخرێتە سەر پسوولەی کارەباکەیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، یەکەم پشکی قەرزەکە لەگەڵ پسوولەی خولی مانگی ئەیلوول (٩) هەژمار دەکرێت، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەم (١٠) دەربچێت.
ئەم هەنگاوە دەرفەتێکە بۆ ئەو هاوبەشانەی نەیانتوانیوە سوود لە داشکاندنی ٥٠٪ وەربگرن، تاوەکو بتوانن لە ماوەیەکی درێژخایەندا قەرزەکانیان بدەنەوە. بڕی قەرزە دیاریکراوەکە پێویستە پێکەوە لەگەڵ پسوولەی مانگانەدا لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا (ماوەی پارەدانی پسوولە) بدرێت.
ماوەی دانەوەی قەرزەکان بە ئامانجی کارئاسانی بۆ هاوبەشان داڕێژراوە و بەپێی پۆلێنەکان بەم شێوەیە دەبێت:
– پۆلی ماڵان و کشتوکاڵ: ماوەکەی تاوەکو ٢٤ مانگ دەبێت (کەمترین بڕی پشکی
مانگانە: ٢٠ هەزار دینار).
– پۆلی بازرگانیی بچووک: ماوەکەی تاوەکو ١٢ مانگ دەبێت (کەمترین بڕی پشکی
مانگانە: ٢٠ هەزار دینار).
– پۆلی بازرگانی و پیشەسازیی گەورە: ماوەکەی تاوەکو ٦ مانگ دەبێت (کەمترین بڕی
پشکی مانگانە: ٢٠٠ هەزار دینار).
ئامارەکان و کاریگەرییەکانی پڕۆژەکە: لە چوارچێوەی هەڵمەتی پێشووی لێخۆشبووندا کە لە ٣ی ئاب تاوەکو ١٠ی ئەیلوول بەردەوام بوو، نزیکەی ٨٠٠ هەزار هاوبەش قەرزەکانیان بە داشکاندنی ٥٠٪ داوەتەوە. بەمەش لە کۆی ٢ ملیۆن هاوبەش لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە ١.٢ ملیۆن هاوبەش (کە یەک ملیۆنیان هاوبەشی ماڵانن) هیچ قەرزێکی پێشووی کارەبایان لەسەر نەماوە. هاوکات زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی قەرزیان ماوە، بڕەکەی کەمترە لە ٣٠٠ هەزار دینار.
تاوەکو ئێستا لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕی ٣٦٠ ملیار دینار خۆش بووە، کە ٣٠٠ ملیاری تەنیا بۆ لێخۆشبوون بووە لە قەرزی پێشووی کارەبا.
لەلایەکی دیکەوە، پڕۆژەی «ڕووناکی» سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە؛ تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە ٩٠٪ی هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە. بەپێی
نرخە نوێیەکان، ٨٠٪ی هاووڵاتییان (بەتایبەت کەمدەرامەتان) پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو بڕەی کە پێشتر بۆ مۆەلیدە و کارەبای نیشتمانی دەیاندا.
جێی باسە، پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا. پاشان لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ پەسەندی نرخە نوێیەکانی کرد. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکەش دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.
بۆ زانیاریی زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی (runaki.gov.krd) بکەن.



