تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف – هەولێر

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند کە لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، شۆڕشێکی گەورە لە بواری ژینگەپارێزیدا ئەنجام دراوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی سەوزایی شاری هەولێر لە 15% بۆ 20% بەرز بووەتەوە و لە ساڵانی 2024 و 2025دا شارەکە لە لیستی شارە پیسبووەکانی جیهان دەرهێنراوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵێک هەنگاوی بنەڕەتی بۆ باشکردنی رەوشی ژینگە گیراونەتە بەر؛ لەوانە بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لەڕێگەی دروستکردنی پارک و سەوزکردنی دوورگەی ناوەندیی شەقامەکان، داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، گونجاندنی پاڵاوگە یاساییەکان لەگەڵ ستانداردی جیهانی، و لێپرسینەوە لەو ئۆتۆمبێلانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا.

هەروەها ڕایگەیاند لەسایەی جێبەجێکردنی “پڕۆژەی ڕووناکی”دا زیاتر لە شەش هەزار مۆلیدەی کارەبا کوژێنراونەتەوە و کەمبوونەوەی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش هاوشانی سەپاندنی رێنمایی توند بەسەر مۆلیدە چالاکەکان و شوێنە دووکەڵاوییەکاندا.

سەبارەت بە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، پارێزگار ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەکە لە هەشت قۆناغ پێکدێت و بە پانیی دوو کیلۆمەتر بە چواردەوری شارەکەدا دروست دەکرێت. تاوەکو ئێستا قۆناغی یەکەم و دووەمی تەواو بووە و قۆناغی سێیەمی لە جێبەجێکردندایە. 

لەم پڕۆژەیەدا 7.7 ملیۆن نەمامی زەیتوون و فستق دەچێندرێن و 10 پۆندی ئاویش بۆ ئاودێرییان دروست دەکرێن، کە جگە لە کەمکردنەوەی بەبیابانبوون، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خۆڵبارین، بەروبوومی ناوخۆیی و هەلی کاریش زیاد دەکات.

خۆشناو جەختی کردەوە کە پاراستنی ژینگە لای حکوومەت پڕۆسەیەکی هەمیشەیی و بەردەوامە، و لەمەودواش پێدانی ڕەزامەندی بە پڕۆژە پیشەسازی و بازرگانییەکان بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی تەواویان بە مەرجە ژینگەیییەکان.

Exit mobile version