هەولێر – ئەربیل لایف
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ برەودان بە ژینگە و سیمای بازاڕەکان، شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی بۆ گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوەی نوێ لە شەقام و شۆستەکانی بازاڕی ئیسکان ئەنجام دا و ئێستا بازاڕەکە بە ڕوخسارێکی نوێوە دەردەکەوێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی وردی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی (خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، ئەندازەی پارکەکان، و ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر)، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی بازاڕەکە جێبەجێ کران.
لە چوارچێوەی ئەم کارانەدا، تیمەکانی خزمەتگوزاری سەدان نەمامیان لە ناوچەکەدا ڕواند، لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتی شوشتن و خاوێنکردنەوەی شەقامەکان. هاوکات، لەلایەن تیمی ئەندازەی هاتووچۆوە هێڵکاریی نوێ بۆ شەقامەکە کێشرا.
لە ئاکامی ئەم هەنگاوانەدا، ئێستا بازاڕی ئیسکان کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین بازاڕەکانی شاری هەولێر، بە ڕوخسارێکی جوانتر و ژینگەیەکی خاوێنترەوە دەدرەوشێتەوە و بە درێژایی شەقامەکە سیمایەکی تایبەت و ڕێکوپێکی پێ بەخشراوە.



