هەولێر – ئەربیل لایف
لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی تشرینی یەکەم کە بە (مانگی پەمەیی) تایبەت بە هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت؛ ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە قۆناغەکانی سەرەتادا دەستنیشان بکرێت، ڕێژەی چاکبوونەوەی دەگاتە ١٠٠٪، بۆ ئەم مەبەستەش بنکەکانی پشکنین لە سەرجەم پارێزگا و یەکە کارگێڕییە سەربەخۆکاندا کراونەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، شێرپەنجەی مەمک ٢٣٪ی کۆی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێکدەهێنێت. هەر بۆیە ئەمساڵ لەژێر دروشمی “لە شێرپەنجەی مەمک مەترسە، لە درەنگ دەستنیشانکردنی بترسە”، داوا لە سەرجەم ئەو ئافرەتانە دەکرێت کە تەمەنیان لە سەرووی ٤٠ ساڵەوەیە، سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە.
لەلایەکی دیکەوە، پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە هۆشداری دەدەن کە لە هەر ٨ ئافرەتێک، یەکێکیان لە مەترسیی تووشبووندایە. لەگەڵ ئەوەشدا جەخت دەکەنەوە کە دەتوانرێت بە چەند هەنگاوێکی تەندروست، مەترسییەکانی تووشبوون بە ڕێژەی ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ کەم بکرێنەوە، کە ئەمانەن:
– پاراستن و ڕاگرتنی کێشی گونجاو.
– ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆژانە.
– دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە.
– خۆپاراستن لە خواردنە ناتەندروستەکان.
– پێدانی شیری سروشتی بە منداڵ.



