تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف – هەولێر

ئەمڕۆ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ڕاگەیاند. بەپێی ئامارەکان، زۆرینەی ڕەهای پێشکەشکاران لە دامەزراوەکانی خوێندن جێگەیان کراوەتەوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ ئەمساڵ توانای وەرگرتنی زانکۆکان (٦٥ هەزار و ٣٢٤) کورسی بووە، لە کاتێکدا کۆی گشتیی دەرچووانی پۆلی دوازدە (٤٠ هەزار و ٧١٦) قوتابی بوون. لەو ژمارەیە، (٣٩ هەزار و ٩٥٠) قوتابی فۆڕمی وەرگرتنیان پڕکردووەتەوە و لە ئەنجامدا (٣٩ هەزار و ٥٢) قوتابی بە سەرکەوتوویی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون.

سەبارەت بەو قوتابیانەی کە ناویان نەهاتووەتەوە، وەزارەت ڕایگەیاند کە تەنها (٣١٧) قوتابی وەرنەگیراون. هۆکاری ئەمەش تەنها بۆ هەڵەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکان و دیارینەکردنی شوێنی گونجاو دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو قوتابیانە دەتوانن بۆ ئەو (٢٧ هەزار و ٣٩١) کورسییەی کە لە زانکۆکاندا بەتاڵ ماونەتەوە، دووبارە داواکاری پێشکەش بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، مافی دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (وەک کەرکووک، شنگال و خانەقین) پارێزراوە، و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەرگای پێشکەشکردن بۆ ئەو (٢ هەزار و ٧٠٠) قوتابییەی ئەو ناوچانە دەکرێتەوە تا بتوانن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بخوێنن.

لە کۆتاییدا وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای لە قوتابیانی قۆناغی یەکەم کرد کە لە هەفتەی داهاتووەوە پەیوەندی بە بەشەکانیانەوە بکەن بۆ دەستپێکردنی دەوامی فەرمی. 

هەروەها ڕایگەیاند کە دەرگای تانەدان (سکاڵا) و گۆڕینی شوێنی خوێندن لە ماوەیەکی نزیکدا لە ڕێگەی ماڵپەڕی زانکۆلاینەوە بۆ قوتابیان بەردەست دەبێت.

Exit mobile version