تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

سەرۆکی حکومەت قۆناغی یەکەمی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی فریاگوزاری ئاوی خێرای لە هەولێر کردەوە.

هەولێر – ئەمڕۆ یەکشەممە، (٢٠ی خەرمانانی ٢٠٢٥)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی “پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر کردەوە، کە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی لە پایتەخت دادەنرێت.

لە وتارێکدا لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسی کۆمپانیای جێبەجێکاری “هێمن گرووپ” و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە پڕۆژەکەیان لە ماوەیەکی کەم و بە کرێکاری خۆماڵی ئەنجام داوە. هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد کە هاوکاربن لە کەمکردنەوەی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاودا.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە پڕۆژانە وەڵامی کردەیی حکومەتن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت پلانی هەیە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی پێشکەوتووی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو (ڕیسایکلین) لە داهاتوودا.

سەرۆکی حکومەت باسی لەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ڕێگری زۆر کراوەتەوە بۆ ئەوەی نەتوانێت پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە کاروانی خزمەتکردن بەردەوام دەبێت.

Exit mobile version