تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی کاری نۆژەنکردنەوە، لە ئەمشەو کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەوە، بەشێک لە رێگەی سەرەکیی هەولێر – بەحرکە بۆ ماوەی 15 رۆژ دادەخرێت و چەند رێگەیەکی جێگرەوەش بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دیاریدەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16-06-2025، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بەهۆی نۆژەنکردنەوە و کارکردن لە رێگەی هەولێر – بەحرکە، ئەمڕۆ کاتژمێر 7ـی ئێوارە رێگەکە دادەخرێت.”

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، داخستنەکە لەسەر رێگەی سەرەکی لە بەرزەپردی شەقامی 120 مەتریی خێراوە بە ئاراستەی بەحرکە دەبێت و کارکردنەکە بە دوو قۆناخ بەڕێوەدەچێت:

قۆناخی یەکەم: کارکردن لە سایدی چوون لە هەولێرەوە بەرەو بەحرکە، تاوەکو سووڕانەوەی یەکەمی بەحرکە.

قۆناخی دووەم: دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەم دەستپێدەکات و لە سووڕانەوەی یەکەمەوە دەبێت تاوەکو پردی شەقامی 150 مەتریی خێرا.

لە ماوەی داخرانی رێگەکەدا، هاتووچۆی هەولێر سێ رێگەی جێگرەوەی بۆ شۆفێران دیاریکردووە تاوەکو بۆ گەیشتن بە ناحیەی بەحرکە و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بەکاریبهێنن، کە بریتین
لە:

1- رێگەی هەولێر – شەقڵاوە لەسەر شەقامی 150 مەتریی خێرا.
2- رێگەی کۆنی بەحرکە.
3- رێگەی 150 مەتری – گەزنە بۆ بەحرکە.

Exit mobile version