تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

هەولێر، هەرێمی کوردستان – وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ مانگی حوزەیران بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە نیوەی هاوبەشانی ماڵان لە سەرانسەری هەرێم پسوولەی کارەباکەیان کەمتر بووە لە ٢٨ هەزار دینار. هاوکات، نیوەی هاوبەشە بازرگانییەکانیش کەمتر لە ٦٣ هەزار دیناریان بۆ هاتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی شەشدا، هاوبەشانی ماڵان لە پارێزگای سلێمانی کەمترین بڕی پارەی کارەبایان داوە، کە بۆ نیوەیان کەمتر بووە لە ١٦ هەزار دینار. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاڵپشتییەی حکومەت و گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بە تەواوی ناو شاری سلێمانی.

پڕۆژەی ڕووناکی کە لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە ڕاگەیەندرا، ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و شوێنە بازرگانییەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.

تا ئێستا زیاتر لە ٢.٧ ملیۆن هاووڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی ٤٠٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، سوودمەندبوون لە کارەبای بەردەوام لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە.

بەپێی داتاکان، ٨٠٪ی هاووڵاتیان، بەتایبەت خێزانە کەم دەرامەتەکان، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیدا پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بە کۆی ئەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مۆلیدەی ئەهلی خەرجیان دەکرد.

وردەکاریی پسوولەی کارەبا و ژمارەی هاوبەشان بەپێی پارێزگاکان:

هەولێر: نیوەی ماڵان کەمتر لە ٢٩ هەزار دینار و نیوەی شوێنە بازرگانییەکان کەمتر لە ٧٠ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە. ژمارەی هاوبەشانی ماڵان ١,٤٥٨,٠٠٠ و بازرگانی ٥١,٠٠٠ یە.

سلێمانی: نیوەی ماڵان کەمتر لە ١٦ هەزار دینار و نیوەی شوێنە بازرگانییەکان کەمتر لە ٦٩ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.

ژمارەی هاوبەشانی ماڵان ٩٧٦,٥٠٠ و بازرگانی ٣٨,٠٠٠ یە.

دهۆک: نیوەی ماڵان کەمتر لە ٢٥ هەزار دینار و نیوەی شوێنە بازرگانییەکان کەمتر لە ٤٦ هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە. ژمارەی هاوبەشانی ماڵان ٢٨٨,٠٠٠ و بازرگانی ١٤,٠٠٠ یە.

جێی باسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە ناوەندی سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ بە کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە ببەستێتەوە.

Exit mobile version