ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
لە قەزای بەحرکەی پارێزگای هەولێر قوتابخانەیەک بە ناوی کەسایەتی و نووسەری گەورەی کورد، د. عەزیز گەردی کرایەوە و بۆ ئەم ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ – ٢٠٢٦ پێشواز لە قوتابیان دەکات.
ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی ئابی ٢٠٢٥ نیوار حوسێن، بەرپرسی پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر بە ماڵپەری ئەربیل لایفی گوت:
قوتابخانەی عەزیز گەردی بنەڕەتی کوڕان لە گەڕەکی کەرتی ٤٨ی بەحرکە کرایەوە کە لەسەر بودجەی پارێزگاری هەولێر بە گوژمەی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار دروستکراوە ئەم قوتابخانەیە لە ١٨ پوڵی خوێندن و دوو تاقیگە و یاریگایەکی چیمەنی دەستکرد و هۆلێکی تاقیکردنەوە پێکدێت.
بەرپرسی پلاندانان گوتیشی: ئەم قوتابخانە نوێیە کێشەی زۆری قوتابیانی بەحرکە چارەسەردەکات و نزیکەی ١٢٠٠ قوتابی سوودی لێدەبینین.
نیوار حوسێن ئەوەشی گوت: ئەم باڵەخانەیە لە دوو قوتابخانەی جیاواز پێکدێت یەکەمین قوتابخانەی عەزیز گەردی بنەڕەتی کوڕانە دووەمیش قوتابخانەی ئاڤای بنەڕەتی کچان.
لە سنووری قەزای بەحرکە ڕێژەی قوتابیان زۆرە ئەم قوتابخانەیە لەگەڵ قوتابخانەی ئامادەیی ئەحمەد ڕێکانی کە ساڵی پار کرایەوە تا ڕادەیەکی زۆر کێشەی زۆری قوتابیانی قەزای بەحرکە چارەسەردەکات.