ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
شاری هەولێر بە شاری مەولوود ناسراوە ساڵانە لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محمد) سەلامی خوای لەسەربێت هەزاران کەس سەردانی قەڵای هەولێر و شاری هەولێر دەکەن بەمەبەستی یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە مەزنە.
ئەمڕۆ ٤یی ئەیلوولی ٢٠٢٥ یادی لەدایکبوونی پێشەوا (محمد د.خ)ە، ئەم یادە لە شاری هەولێر جیاوازە و مەراسیمی تایبەت بەم یاده ڕێکدەخرێت، گۆرانی و سروودی ئاینی لە لایەن هونەرمەندانی ئاینییەوە دەوترێتەوە و خێرخواز و هاولاتیان شیرینی و خواردن و دیاری بەسەر خەلکدا دابەش دەکەن و دڵخۆشی خۆیان بە لەدایکبوونی پێغەمبەر د.خ دەردەبڕن.
هەموو سالێک لە ١٢یی ڕەبیعی یەکەمی کۆچی، یادی لە دایکبوونی پەیامبەر محمد د.خ لە هەموو وڵاتە ئیسلامییەکان و وڵاتانی جیهان دەکرێتەوە، لە شاری هەولێری پایتەختیش پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری پێویست دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە هاولاتیان و ڕازاندنەوە قەڵا و ناو بازاری هەولێر بە دروشمە ئاینیەکان. وە جێگای ئاماژە پێکردنە هێزە ئەمنییەکانی ناو شاری هەولێر ڕۆلی سەرەکی دەبینین لە پاراستنی هاولاتیان و سەقامگیری شار لەم ڕۆژەدا.
سولتان موزەفەر کوکبری کە نزیکەی ٤٠ ساڵی حوکمی شاری هەولێری کردووە بە یەکەم کەس دادەنرێت کە مەولوودی داهێناوە تاکو ئێستاش خەلکی شاری هەولێر یادی ئەم ڕۆژە جیاوازتر لە شارەکانی تر دەکەنەوە.