تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە

لە بەردەم بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین، لە سەر شەقامی سەرەکی ( هەولێر – کەرکووک ) یەکەمین پردی پەڕینەوەی پیادە لە سەر ئاستی هەرێم و هەموو عێراق کرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤یی ٩ی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر یەکەمین پردی پەرینەوەی هاوچەرخ و سەردەمیانە لە شەقامی (هەولێر – کەرکووک) کرایەوە کە بە گوژمەی ( ٣٨٤ ملیۆن و ٧٩٣ هەزار دینار ) له‌ سه‌ر داهاتی‌ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی‌ هه‌ولێر دروستکراوە.

پارێزگاری هەولێر گوتی: لە پێناو سەلامەتی هاتووچۆی هاوڵاتیان و قوتابیان، لە شەقامی سەرەکی( هەولێر – کەرکووک ) بەرامبەر بەشی ناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدین، کە یەكێكە لە شەقامە گرنگەكانی شاری هەولێر و هاتوچۆیەكی زۆری شوفێرانی بەسەرەوەیە، بەرزە پردی پەڕینەوەی پیادە دروستکراوە، کە ئەم پردە یەکەمین پردە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان هەموو عێراق كه‌ بەشێوە و دیزاینێکی جیاواز دروستکرابێت و تێیدا ڕەچاوی پەڕینەوەی کەسانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كرابێت.

ئومێد خۆشناو دووپاتیشیكرده‌وه‌، دروستكردنی ئه‌م پرده‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی هاوڵاتیان به‌ تایبه‌تی توێژی قوتابیانه‌ له‌ پێناو سه‌لامه‌تی گشتی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رووداوی نه‌خوازراو‌ له‌م شوێنەدا، كه‌ هاتوچۆیەکی زۆری له‌سه‌ره‌ و شه‌قامێكی قه‌ره‌بالغ و ستراتیژی هاتوچۆكردنه‌ زۆر زەروور و پێویست بوو.

Exit mobile version