ئەربیل لایڤ ئامادەکردنی: ئەحمەد جەمال
ڕاگرایەتی پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕیی هەولێر (سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر) سەرجەم قوتابیانی قۆناغی دووەمی لە تەواوی بەشەکان ئاگادار کردەوە، کە ڕۆژی یەکشەممە (٦/٩/٢٠٢٦) یەکەم ڕۆژی دەستپێکی دەوامی فەرمیی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ دەبێت.
پەیمانگەکە جەختی لەسەر پابەندبوونی قوتابیان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پێویستە لە کاتی دیاریکراودا لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن، چونکە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە پڕۆسەی وانەوتنەوە بەپێی خشتەی ئەکادیمی دەستپێدەکات.
سەبارەت بە نیشتەجێبوون، هۆبەی بەشەناوخۆییەکانی پەیمانگە ئاماژەی بەوە کردووە، کە تیمەکانیان ئامادەن بۆ هاوکاریکردنی قوتابیانی (کوڕان و کچان) و ڕێکخستنیان لە بەشەناوخۆییەکاندا بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن.



