تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایڤ _ هەولێر

بەهۆی گیانلەدەستدانی کچێک لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە شوێنێکی نەشیاو، تەندروستیی هەولێر بڕیاری داخستنی یەکجاریی نەخۆشخانەیەکی دا و دۆسیەی پێنج پزیشک و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و چەند کارمەندێکی ڕەوانەی دادگا کرد.

بەپێی لێدوانێکی فەرمیی بەرپرسی تەندروستی، ئەو نەخۆشخانەیە پێشتر بەهۆی نەبوونی مەرجە تەندروستییەکان و نەبوونی بەشی چاودێریی چڕ (ICU)، لەلایەن حکومەتەوە داخرابوو، بەڵام نەشتەرگەرییەکە بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگەی “دەرگای پشتەوە” ئەنجامدراوە. ئەو پزیشکانەشی نەشتەرگەرییەکەیان کردووە، هیچ تۆمارێکی فەرمییان لەو نەخۆشخانەیەدا نەبووە و ڕێگەپێنەدراو بوون.

لە لێدوانەکەدا ئاماژە بەوە کرا، گەورەترین کەمتەرخەمی ئەوە بووە کە نەخۆشخانەکە بەشی فریاکەوتنی نەبووە و دوای تێکچوونی دۆخی نەخۆشەکە،” لەبری تداخولی خێرا”، بە ئۆتۆمبێل گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دیکە، ئەوەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.

تەندروستیی هەولێر جەختی کردەوە، کە ئەو پزیشکانە لە کارەکانیان ڕادەگیرێن و نەخۆشخانەکەش قۆناغ بە قۆناغ دوای بەڕێکردنی ئەو نەخۆشانەی تێیدان، بە تەواوەتی دادەخرێت، چونکە سەلامەتیی هاووڵاتییان لە سەرووی هەموو شتێکە و کەس لە یاسا بەرزتر نییە.

Exit mobile version