تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف

پەراوێزخستنی هاندەر لە پایتەختی گەشەسەندندا

ئەوەی لە یارییە چارەنووسسازەکاندا لە یاریگای هەولێر دەگوزەرێت، تەنها کێشەیەکی وەرزشی نییە، بەڵکو وێنەیەکی ئازاربەخشی بێسەروبەرییە کە بە هیچ شێوەیەک شایستەی هاندەرانی دڵسۆزی شارەکە نییە. هاندەرێک کە بەوپەڕی حەماسەت و خۆشەویستییەوە بۆ پشتگیری یانەکەی دێت، لە بری ئەوەی پێشوازییەکی ڕێکخراو و شارستانی لێ بکرێت، لە دەرگاکانی چوونەژوورەوە ڕووبەڕووی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییەکی خنکێنەر دەبێتەوە.

کارەساتەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە لەناو ئەو قەرەباڵغییەدا کەس بە کەس نییە؛ منداڵان تووشی شڵەژان و تەنگەنەفەسی دەبن، و خێزانەکان لە جیاتی چێژوەرگرتن، ترس و دڵەڕاوکێ باڵیان بەسەردا دەکێشێت. ئەمە ئەو ژینگەیە نییە کە وەرزش دەبێت پێشکەشی بکات.

بێبەرنامەیی لە بەڕێوەبردن و فرۆشتنی بلیت

ئاستەنگییەکان تەنها لە دەرگاکانی چوونەژوورەوە کۆتایی نایەت؛ کاتێک بە هەزار حاڵ دەگەیتە ناوەوە، دەبینی یاریگاکە پڕ کراوە لە ٢٠ بۆ ٢٥ هەزار کەس، لە کاتێکدا بە هیچ جۆرێک توانای لەخۆگرتنی ئەو ژمارەیەی نییە. فرۆشتنی ئەم هەموو بلیتە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی کورسییەکان، وایکردووە هاندەران لەسەر پەیژەکان دابنیشن یان لە ڕیزەکانی پێشەوە بە پێوە بوەستن و ڕێگری لە بینینی یەکتری بکەن.

ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و دەمەقاڵێ لە نێوان هاندەراندا. بینینی دوو هاندەر کە لەسەر شوێنی دانیشتن خەریکە پەلاماری یەکتر دەدەن و بەردەوام دەنگی “دانیشە، تۆ دانیشە” دەبیسترێت، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو بێ بەرنامەییەیە لە دابەشکردنی بلیتەکاندا. کێشەکە لە هاندەرەکە نییە کە دەیەوێت بە مافی خۆی یارییەکە ببینێت، کێشەکە لەو مامەڵە نادروستەیە کە بلیت دەفرۆشێت بێ ئەوەی شوێنی ئاسوودە دابین بکات.

ژێرخانی وەرزشی لە ئاستی ناوی پایتەختدا نییە

وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەولێر بووەتە سەنتەری وەبەرهێنان و پڕۆژەی زەبەلاح. باڵەخانەی بازرگانی و پڕۆژەی نیشتەجێبوون ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکەن، بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: بۆچی لەم هەموو وەبەرهێنانەدا، شوێنێک بۆ یاریگایەکی مۆدێرن و سەردەمیانە نییە؟

پایتەختێک کە لە ڕووی ئاوەدانییەوە کێبڕکێی شارە گەورەکانی ناوچەکە دەکات، جێگەی داخە نەتوانێت ژینگەیەکی سەلامەت و مۆدێرن بۆ بینەرانی تۆپی پێ دابین بکات. ناکرێت شارێک بەم قەبارە و گرنگییەوە، کە خاوەنی دەیان هەزار هاندەری وەرزشییە، لە ڕووی ژێرخانی وەرزشییەوە هێندە هەژار بێت.

هاندەری هەولێر مافی خۆیەتی کاتێک دەچێتە یاریگا، هەست بە کەرامەت و ئاسوودەیی بکات. کاتی ئەوە هاتووە لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەبەرهێنەران ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن کە هەولێر پێویستی بە یاریگایەکی نوێ و ڕێکخراو هەیە، تا وەرزش بگەڕێتەوە بۆ پێگەی ڕاستەقینەی خۆی و ببێتە سەرچاوەی یەکڕیزی، نەک شوێنی شەڕ و ئاژاوە.

نوسینی : لوقمان عەلی

Exit mobile version