تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

هەولێر – ئەربیل لایف

لە هەڵمەتێکدا، تیمەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕێگرییان لە بەکارهێنانی ئاوی پیس بۆ ئاودانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە سنووری گوندەکانی توڕەق و سوێری کرد و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلەکاندا گرت.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، دوای چاودێریکردن و بەدواداچوونی وردی تیمەکانی شارەوانیی شەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، دەرکەوتووە کە بەشێک لە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ڕێگەی ڕاکێشانی هەزاران مەتر بۆڕییەوە، ئاوی پیسی کەندی ناوچەکەیان بۆ ئاودانی ڕووبەرێکی فراوانی بەرهەمی گەنمەشامی و سەوزە بەکارهێناوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستیی گشتی دروست دەکات.

لە ئەنجامی هەڵمەتەکەدا، سەرجەم کەلوپەل و بۆڕییەکانی ئاودانەکە لادران و دەستیان بەسەردا گیرا، هاوکات خاوەنەکانیان ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە بۆ وەرگرتنی سزای پێویست.

لەم بارەیەوە شارەوانیی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە؛ پاراستنی تەندروستیی گشتی و ژیانی هاووڵاتییان لەپێشینەی کارەکانیانە و بە توندی لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا دەکرێت کە سەرپێچی و زێدەڕۆیی دەکەنە سەر موڵکی گشتی و ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە.

Exit mobile version