ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
یانەی وەرزشی هەولێر دوای بەڕێکردنی وەرزێکی پڕ لە کێشە و قەیران لە ئێستادا خەریکی ئامادەکارییە بۆ وەرزی نوێی خوولی ئەستێرەکانی عێراق.
لە ١٥ی ٧ی ٢٠٢٥ هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێری یانەی هەولێر کرا شەش کەس کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا بوونە ئەندامی دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی هەولێر ئەوانیش پێکهاتبوون لە سەفین کانەبی و زوبێر جەبار و ڕەوەز سەلام و جێماو کاڕەش و ئاڵا دێدەوان، بڕیار وابوو ئەم دەستەیە لە نێو خۆیاندا سەرۆکێک بۆ یانەی هەولێر هەڵبژێرن تاوەکو سەرۆکایەتی یانەکە بکات بەڵام ئەم دەستەیەش نەیتوانی سەرۆکێک بۆ یانەی وەرزشی هەولێر دەستنیشان بکات و کێشەکانی یانەکە وەک خۆیان مانەوە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری یاریزانانی یانەکە ڕیزەکانی یانەی هەولێر بەرەو یانەکانی تر بەجێبێلن.
لە ڕۆژی شەممەی ٢ی ئەم مانگە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی سازکرد و ڕایگەیاند بە کۆبوونەوە لەگەڵ دەستەی کارگێری یانەی هەولێر بڕیاریانداوە سەفین یاسین کەسایەتی دیاری شاری هەولێر وەک سەرۆکی نوێی یانەی هەولێر دەستنیشانبکەن و لێرەوە دەستدەکرێت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی یانەکە.
دوای دەستبەکاربوونی سەفین یاسین وەک سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر
کۆمەلێک گۆرانکاری گرنگ لە یانەکە ڕوویاندا یەکەم کاری ئەم دەستەیەش دەستنیشانکردنی باسم قاسم ڕاهێنەری دیاری عێراقی بوو وەک ڕاهێنەری نوێی یانەی هەولێر و هەوڵەکان بۆ هێنانی یاریزانی نوێ دەستیپێکرد، لەسەر ئاستی یاریزانانیش لە ماوەی یەک ڕۆژدا سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی بەتوانا و سەرکردەی پێشووی یانەی هەولێر و ژیار گۆڤەند و عەلی شاخەوان کە پێشتر یاریزانی یانەکە بوون گەڕانەوەیان بۆ یانەی هەولێر ڕاگەیاند.
وە گرێبەست لەگەڵ زولفەقار یونس و هاروون زوبەیدی و شێرزۆد تەمیرۆڤ و عەلا ڕەعد وکومەیل سەعد و محمد حەسەن و هومام تاریق و ئەحمەد زێرۆ واژۆکرا.
جگە لەم گرێبەستانە بۆندی چەند یاریزانێکیش نوێ کراوەتەوە کە ئەوانیش سەفین پاتۆ و گەیلان لوقمان و ئەرکان ئەمیر و عومەر جەنگی و هەلگورد قەیس و نیاز محەمەد بوون.
یانەی هەولێر لە وەرزی ڕابردووی خوولی ئەستێرەکانی عێراق ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد و یانەکە دووچاری چەندین کێشەی کارگێری بووە ئەمەش وایکرد کۆمەلێک یاریزانی گرنگ لەدەستبدات لە ئێستادا یانەکە هەوڵدەدات ڕیزەکانی خۆی ڕێکبخاتەوە و بە تەواوی خۆی بۆ وەرزی نوێی خوولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەبکات.