ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی هەولێر کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی نوێی بۆ پێدانی مۆڵەت بە هۆڵەکانی لەشجوانی و مەلەوانگەکان دەرکرد. ڕێنماییەکان جەخت لەسەر سەلامەتی
گشتی، ڕووبەری شوێنەکان و کوالێتی ڕاهێنەران دەکەنەوە.
گرنگترین مەرجەکان بۆ هۆڵەکانی لەشجوانی (فیتنێس):
- ڕووبەر و شوێن: نابێت ڕووبەری هۆڵ لە سەنتەری هەولێر لە (٥٠٠) مەتر دووجا کەمتر
بێت، و لە قەزا و ناحیەکان لە (٢٠٠) مەتر. هەروەها بە هەموو شێوەیەک کارکردنی
هۆڵی وەرزشی لە “ژێر زەمین”دا قەدەغە کرا. - تەمەنی ڕاهێنەر: دەبێت ڕاهێنەری پیاو تەمەنی لە ٢٤ ساڵ و ئافرەت لە ٢٢ ساڵ
کەمتر نەبێت و بڕوانامەی فەرمییان هەبێت. - ماددە وزەبەخشەکان: خاوەن هۆڵ و ڕاهێنەر بەرپرسیاری یەکەم دەبن لە هەر جۆرە
کڕین و فرۆشتنێکی ماددەی وزەبەخشی قەدەغەکراو. - دووری نێوان هۆڵەکان: پێویستە مەودای نێوان دوو هۆڵ لە سەنتەری شار ١٠٠٠ مەتر و
لە قەزاکان ٥٠٠ مەتر بێت.
مەرجە نوێیەکانی مەلەوانگەکان:
- تەندروستی: ئەنجامدانی پشکنینی خوێن لەناو مەلەوانگەکاندا بە توندی قەدەغەیە و
سەرپێچیکار ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە. - قەبارە: دەبێت مەلەوانگەکان بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بن (ئۆڵۆمپی ٥٠م یان
نیو ئۆڵۆمپی ٢٥م). - ستافی بیانی: کارکردنی فریادڕەس (منقذ) یان ڕاهێنەری بیانی بێ ئیقامە و
بڕوانامەی فەرمی قەدەغەیە.
ڕێنماییە گشتییەکان بۆ هەردوو لا:
- تەمەنی بەشداربووان: دەبێت لە ١٨ ساڵ بەسەرەوە بن، تەمەنی خوار ١٨ ساڵ پێویستی
بە ڕەزامەندی نووسراوی باوانیان هەیە. - سیستەمی چاودێری: دانانی کامێرای چاودێری و سیستەمی هەواگۆڕکێی توندوتۆڵ لە
هەموو شوێنەکان ناچارییە. - مۆڵەت: مۆڵەتەکان بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبن و پێویستە ڕەزامەندی لایەنە
پەیوەندیدارەکانی وەک (تەندروستی، بەرگری شارستانی، ئاسایش و باج)
وەربگیرێت.
بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لیژنەی تایبەت بەردەوام
چاودێری هۆڵەکان دەکەن و بەپێی کوالێتی بۆ سێ ئاست (A, B, C) پۆلێنیان دەکەن.
