بەشی: ماستی مانگا

ماستی هەولێر هێشتا کوالێتییە بەرزەکەی خۆی لەدەست نەداوە و دانیشتووانی هەولێر بە تام و چێژێکی تایبەتەوە لێی دەڕوانن، بەتایبەتیش مەراقییان ماستی مەڕە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و کۆچی گوندنشینان بۆ شار، پیشەی ئاژەڵداری وبەرهەمهێنانی ماستی خۆماڵی کەمێک ڕووی لە کزی کردووە. عەبدولڕەزاق ئیسماعیل، ناسراو بە “مام عەبدولڕەزاق”، ماستفرۆشێکی دێرینی بازاڕی شێخەڵڵایە و ماوەی ٣٠ ساڵە لەو بازاڕەداکاردەکات و ئەو نهێنی جیاوازی نێوان جۆرەکانی ماست و هۆکاری گرانبەهایی هەندێکیان ئاشکرا دەکات. مام عەبدولڕەزاق کە لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە لەگەڵ باوکی دەستی بەم کارە کردووە، باس لەوە دەکات کە سەرجەم بەرهەمەکانیان لە گوندەکانیدەوروبەرەوە بۆ دێت، وەک گوندەکانی بانەقەڕات، گۆمەزەردی، خەندەک. جیاوازیی نێوان ماستەکان بە گوتەی مام عەبدولڕەزاق، جیاوازیی سەرەکی نێوان جۆرەکانی ماست لە تام و چەوریدایە: • ماستی مەڕ: بە بەهاترین و بەتامترین جۆری ماست دادەنرێت و نرخەکەشی گرانترە. • ماستی بزن: بۆ دروستکردنی ماستاو “دۆ” زۆر بەکاردێت، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ ماستی مەڕ تێکەڵ بکرێت. • ماستی مانگا: بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیەوە خواستی زۆری لەسەرە، بەڵام بۆ ماستاو گونجاو نییە چونکە “پرتک پرتک” دەبێت و وەکپێویست تێکەڵ نابێت. نرخی ماستی بزن بە ٣ هەزار دینار و ماستی مانگاش لە نێوان ٢,٥٠٠ بۆ ٢,٧٥٠ دینارە. مام عەبدولڕەزاق ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی باری ئابووری خەڵکەوە، ماستی مانگا فرۆشی زیاترە، بەڵام ئەوانەی توانای کڕینیان هەیە،هەمیشە ماستی مەڕ هەڵدەبژێرن.  یەکێک لە ڕێگاکانی ناسینەوەی ماستی سروشتی ئەوەیە کە بە تێپەڕبوونی کات زووتر ترش دەبێت و ئاوەکەی جیا دەبێتەوە، بەپێچەوانەی ئەوماستانەی کە ماددەی پارێزەریان تێدایە. بۆ دروستکردنی ماستاوێکی بەتام، باشترین هەڵبژاردە تێکەڵکردنی ماستی مەڕ و بزنە، چونکە ماستی مانگا شل و “لوسە” و ئەو تامەتایبەتە نادات بە دەستەوە. فرۆشیارە دێرینەکەی بازاڕی شێخەڵڵا جەخت لەوە دەکاتەوە کە کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە و متمانەی لەسەر بەرهەمەکانی دروست کردووە. ئەو داوا دەکات کڕیاران هۆشیاربن لەوەی چی دەکڕن و لە سەرچاوەی بەرهەمەکان دڵنیابنەوە.