ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
“هەرکەسێک پێشتر سوودمەندبووبێت زەوی پێنادرێت”
ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٥ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم کەناڵەکانی ڕاگەیاند باسی لە زەوی فەرمانبەران کرد.
پارێزگاری هەولێر وتی: دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کاریگەری لەسەر بازار هەبووە و جموجۆڵی خستووەتە بازارەوە، وە داوای لە نووسینگەکانی خانووبەرە و هاوڵاتییان کرد بە هیچ جۆرێک کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکان نەکەن چونکە پرۆسەکە لە ژێر ووردبینی و کۆتا قۆناغدایە تاوەکو کارت یان سەنەد نەدرێتە خاوەن زەوییەکان هیچ مافێکیان نیە دەستکاری زەوییەکان بکەن.
ئومێد خۆشناو وتیشی: ئەگەر کەسێک زەوی بۆ دەرچووبێت و پێشتریش سوودمەندبووبێت یان مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی تێدا نەبێت زەوی پێنادرێت.
نزیکە سالێک دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ئێستاش پرۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان بەردەوامە.