ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
ئەمڕۆ چوارشەمە 2025.8.27، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستى ئامادەکاریی بۆ ڕێورەسمى ڕۆژى لە دایكبوونی پێشەوای ئیسلام، فەخری كائینات حەزرەتی ( محمد ﷺ )، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار و بەڕێوەبەرى گشتیى ئاوقافى هەولێر و سەرۆکى لقى هەولێرى یەکێتى زانایان و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگرى شارستانى، نوێنەرى ئاسایش و تەندروستى و بەڕێوەبەرانى فەرمانگە و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى بۆ ئامادەبووان کە لە ساڵانى ڕابردوودا بە بەشێوەیەکى ڕێک و پێک لەو بۆنە پیرۆزەدا ئەرک و کارەکانیان جێبەجێکردووە، ئومێدى خواست بۆ ئەمساڵیش بە تەجربە وەرگرتن لە ساڵانى ڕابردوو یادەکە بە مەزتر و پڕشکۆتر بکرێتەوە.
دواتر گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکارییەکان بۆ بەرز ڕاگرتنى ئەو یادە بەرز و پیرۆزە کرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، تەواوى هێزەکانى ( ئاسایش، پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگرى شارستانى، سەرۆکایەتى شارەوانى و تەندروستى ) و لایەنەکانى دیکەى ڕاسپارد دەست بە ئامادەکارى و دابینکردنى هەموو پێویستییەک بکەن بۆ ئەو یادە پڕشکۆیە، کە ساڵانە لە هەولێرى پایتەختی هەرێمى کوردستان بە رێورەسمى جەماوەرى فروان بەڕێوەدەچێت.
جێگەی باسە، هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، کە لە سەردەمی سووڵتان موزەفەرەدینەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە نێو وڵاتانى ئیسلامى بەوە ناو و ناوبانگى دەرکردووە لە دوای 12ى ڕەبیعی یەکەمى ھەموو ساڵێک بە درێژایی مانگی مەولوود، بەشکۆوە یادی لە دایکبوونی فەخری كائینات حەزرەتی ( محمد ﷺ ) بە سازدانى چالاکی و شێوازیی جیاواز لە تەکیە و مزگەوت و خانەقاکان بەرز و پیرۆز ڕادەگرێت، بۆ ئەمساڵیش جگە لە ڕازاندنەوەى نێو بازاڕ و شەقامەکانى و سازکردنى کۆنسێرتى گەورەیی ئایینی لە سەنتەرى شار و دابەشکردنى خواردن و شیرینی، چەندین بڕگە و بەرنامەی دیکەى تایبەت ئامادەکارى بۆ کراوە.