تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

هەولێر، هەرێمی کوردستان – وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ڕووناکی”، نزیکەی 4 ملیۆن هاوڵاتی لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، واتە زیاتر لە 50%ی دانیشتووانی هەرێم، کارەبای 24 کاتژمێرییان پێگەیشتووە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە و زووتر لەو وادەیەی لۆی دانرابوو جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکە، پارێزگای هەڵەبجە بووەتە یەکەمین پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بە تەواوی کارەبای 24 کاتژمێری پێگەیشتبێت لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، ژمارەی هاوڵاتییانی سوودمەند لە هەر پارێزگایەک بەم شێوەیەیە: هەولێر (1,935,000)، سلێمانی (1,345,000)، دهۆک (351,000)، و هەڵەبجە (139,000).

پڕۆژەکە هەنگاوێکی بەرچاویشی ناوە لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە؛ تا ئێستا زیاتر لە 3,200 موەلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی 600,000 تۆن لە دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن ساڵانە لەسەر ئاستی هەرێم. حکومەتی هەرێم پلانی داناوە تا کۆتایی ساڵی 2026 زیاتر لە 7,000 موەلیدە بکوژێنێتەوە.

لە ڕووی ئابووریشەوە، حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە هاوڵاتییان کەمترین پارەی کارەبایان داوە لە پسوولەکانی مانگی شەش، بەهۆی نرخە نوێیەکانی کارەبا کە بۆ پاراستنی خێزانە کەمدەرامەتەکان و هاندانی بەکارهێنانی بەرپرسیارانەی کارەبا دانراون. بەپێی ئەم نرخە نوێیانە، 80%ی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بەو بڕەی دەیاندا بە کارەبای نیشتیمانی و موەلیدەکان.

پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی ڕێبەندانی 2024 لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ڕاگەیەندرا، بە ئامانجی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تا کۆتایی ساڵی 2026، لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵیشدا، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد.

Exit mobile version