تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە

كارەكانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر، لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبن و دەست بە قۆناغی سێیەم دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە ١یی ئەیلوولی ٢٠٢٥ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووە: ئەو گەڕەك و گوندانەی لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر سوودمەند دەبن، لە نێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەترین و بریتین لە؛ عەنكاوە، 32ـی پارك، كورانی عەنكاوە، بەحركە، گردجووتیار و سێبەردان و چەندان گەڕەك و گوندی تر.

بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، پارساڵ ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك قۆناغی یەكەمی تەواو كرا.

تێچووی پڕۆژەكە 480 ملیۆن دۆلارە و لە سەعاتێكدا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەكات. پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاك لە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر سێجا بوو، بەڵام ئەو پڕۆژەیە دوو بەرانبەری ئەو سێ پڕۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی ئایندە، كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەكات، هاوكات لەم پڕۆژەیەدا ڕەچاوی فراوانبوونی شاری هەولێر و زیادبوونی خواست لەسەر ئاو لە ئایندەدا كراوە.

قۆناغی یەكەم و تەواوبوونی پڕۆژەكە 10 هەزار مەتر سێجایە، دوای فلتەركردن و پاككردنەوەی بە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاو بۆ 20 گەڕەكی هەولێر دەگوازێتەوە و ئاوی پاك دابین دەكات.

پڕۆژەكە بە كەمتر لە كاتی دیاریكراو و بە كۆمپانیا و دەستی كاری خۆماڵی جێبەجێ كرا، بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ قۆناغی دووەم تەواو ببێت و ئاو بگەیەنێتە گەڕەكەكانی هەولێر.

لە كابینەی نۆدا چەندان پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیی ئاو جێبەجێ دەكرێن كە كێشەی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان چارەسەر دەكەن.

Exit mobile version