تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

هەولێر، ئەربیل لایف: لە پێناو ڕێکخستنەوەی زیاتر و پاراستنی فەزای ئەکادیمی، زانکۆی سەلاحەدین بە بڕیارێکی نوێ، سەردانیکردنی میوان و هاوڕێی بۆ هۆڵەکانی گفتوگۆی زانستی (ماستەر و دکتۆرا) قەدەغەکرد.


سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین، دوێنی دووشەممە بە “ئەربیل لایف”ی ڕاگەیاند، پ.د. کامەران یونس محەممەدئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، لە ڕێکەوتی ١ی ٩ی ٢٠٢٥، بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی ئاگادارکردۆتەوە، کە جگە لەو قوتابییانەی لە پڕۆسەی نووسینن و گفتوگۆیان هەیە، هیچ کەسێک لۆی نییە وەک میوان یان هاوڕێ بچێتە نێو هۆڵی گفتوگۆی زانستی ماستەر و دکتۆرا، ئەم بڕیارە بە ئامانجی زیاتر چڕکردنەوەی پڕۆسەی زانستی و دوورخستنەوەی هەر سەرنجڕاکێشانێکە لەسەر قوتابییان لە کاتی پێشکەشکردنی توێژینەوەکانیاندا.

هەروەها، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی زانکۆ بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی ئێستای قوتابییان و مامۆستایان، داوەتکردن و چوونە چێشتخانەی لۆ میوانان قەدەغەکردووە.

ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێک دێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر قوتابییان و مامۆستایان لە کاتی پڕۆسەی گفتوگۆی زانستیدا، بڕیارەکە لە ئێستاوە لە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەدین کاری پێدەکرێت.

Exit mobile version