ئەربیل لایف || زێرەڤان عبداللە
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى سعودیە ڕادەگەیەنێت، بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەتوانی ناوی خۆتان تۆماربکەن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لاپەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە کە وڵاتی سعودیە زەماڵەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای ڕاگەیاندووە بۆ ئەم مەبەستەش، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە حکومەتی شانشینی عەرەبی سعودی زەمالەی خوێندنى بۆ هەردوو بەرنامەی (ماستەر و دکتۆرا) ڕاگەیاندوە، بۆ ئەم مەبەستە هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە دەبێت و ئارەزوی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتى سعودیە هەیە، دەتوانێت فۆڕمی پێشکەشکردن پڕبکاتەووەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى تەنها کار لە سەر بەرنامەی خوێندنى ماستەر و دكتۆرا دەکات.
مەرج و داواکارییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ماستەر و دکتۆرا:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بروانامە. بەڵام بۆ دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت بە لایەنی کەم (٥) ساڵ خزمەتی هەبێت.
- پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی بۆ خوێندنی ماستەر لە (٦٥%) کەمتر نەبێت و بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠ %) کەمتر نەبێت.
- سەبارەت بە تێستی توانستی زمانی ئینگلیزی، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی شانشینی عەرەبی سعودی پشتگیری دارایی بە شێوەی بەشی (جزئية) یا بە شێوەی گشتی (کاملة) دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- پێشکەشکردن راستەوخۆ و تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە دەبێت.
- هەرکەسێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
- لە ڕاگەیاندراوەکەش هاتووە تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە یان لاپەرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بکەن.
- دوا کات بۆ پێشکەش کردن بریتییە لە (٣١/١٠/٢٠٢٥).