تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان، چەند ڕێوشوێنێکی نوێ دەگرێتە بەر بۆ کۆنترۆڵکردنی ماتۆڕسیکل و ماتۆڕسواران لە سنووری پارێزگای هەولێر.

بەهۆی زیادبوونی ڕووداوەکانی هاتووچۆ کە ماتۆڕسیکل تێیدا لایەنێکی سەرەکییە و زۆرجار دەبێتە هۆی مردن یان برینداربوونی سەخت، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی بە پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش کردووە لە نێوان پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیسی هەولێر.

ئەمڕۆ، ڕۆژی هەینی، ١٩ی ڕەزبەر٢٠٢٥، تیمەکانی پۆلیسی هاتووچۆ لە بازاڕی شێخ اللە و بازاڕی هەینی لە هەولێر ئامادە بوون بۆ ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان.

ئامانج لەم ڕێوشوێنانە کەمکردنەوەی قوربانیانی ڕووداوەکانی ماتۆڕسیکل و ڕێگریکردنە لە بەکارهێنانی ماتۆڕسیکلی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو.

لێژنە هاوبەشەکە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی ماتۆڕسیکلی لە سەنتەری شاری هەولێر ئاگادار کردووەتەوە کە خۆیان بەدوور بگرن لە دروستکردنی ماتۆڕسیکل بە پارچە و مامەڵەکردن بە ماتۆڕسیکلی بێ سەرەتا, هەروەها، لەمەودوا هەر ماتۆڕسوارێک بەبێ کڵاو و پێویستییەکانی سەلامەتی لێخوڕین لەسەر شەقامەکان ببینرێت، ئیجرائاتی یاسایی بەرانبەر دەکرێت و دەست بەسەر ماتۆڕسیکلەکەیدا دەگیرێت.

بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر داوا لە دایکان و باوکان دەکات کە ڕێگری لە هەرزەکارانیان بکەن لە ماتۆڕسواری بێ مۆڵەت و پابەندبوون بە ڕێنماییەکان، بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی و تووشی سزای دارایی نەبن.

Exit mobile version