تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

سەیداوە چەند جارێک ناوی گۆڕدراوە، سەرەتا بە جاجماوە، دوایی قەبری جوولەکان بەناو بانگ بووە، دواتر بەھۆی ھاتنی سەید عەبدولقادر سەید عەزیز ھەرەجەیی بۆ ئەو گەڕەکە، ناوەکەی بووەتە سەیداوە و خەڵکێکی زۆر لە دەوروپشتی کۆبوونەتەوە، ھەروەھا بەشێکی ئەو گەڕەکە ھی مەلا محەمەدی حاجی ڕەشید ئەفەندی بووە و دوای مردنی میراتەکەی بۆ خێزانەکەی دەمێنێتەوە کە ناوی سەید بەھیە بووە بۆیە ناوەکە بە سەیداوە ماوەتەوە.

بەڵام گەڕەکی سەیداوە لەلایەن سلێمان محەمەد سەعید (سلێمان ئاغا) ئاوەدانکراوەتەوە کە باوکی دکتۆر عەبدولڕەحمان بوو، نۆرینگەکەی لەسەر شەقامی شەست مەتری بوو، پزیشکی پێست بوو، ھەروەھا سلێمان ئاغا جگە لە دکتۆر عەبدولڕەحمان، سێ کوڕی دیکەشی ھەبوو، لەگەڵ سێ کچ. ئێستاش مزگەوتەکەیان لە کۆڵانی چوارەمە و ماڵ و موڵکەکانیشی ھەر لە دەروبەری مزگەوتەکە بوون.

سەیداوە دوو بەش بوو، سەیداوەی ئەوبەر لای تانکی سەیداوە بوو کە زیاتر سیانەکانی لێ نیشتەجێ بوون، ئەوەی دیکەش کەوتبووە لای پردی سەیداوە، کەندێک ھەردوو سەیداوەی جودا دەکردەوە، ئێستا ئەو کەندە بووەتە جووتساید و دەچێتەوە سەر شەقامی سی مەتری بەرامبەر بازاڕی نیشتمان.

لەگەڵ شۆڕشی ١٩٥٨، باپیرە گەورەم لەو گوندانەی نزیک ھەولێر تاقەتی کێشەی نێوان ئاغا و جووتیارانی نەبووە و هاتۆتەوە سەیداوەی و دواتر کە کوڕەکانی گەورەدەبن ئەوانیش لەوێ دەمێننەوە و ئیتر نەوە بۆ نەوە لە ساڵی ١٩٥٨ەوە لەو شوێنە دەمێننەوە و ئەوەی لەوێنەکە دیارە پێشتر ١١ خانوو بوو، دوایی لە نەوەدەکان کرا بە ٧ خانوو کە ئێمەی تێدا گەورەبووین.

ئەو شەقامە پانەی لە وێنەکە دیارە لە شەست مەترییەوە دەچێتەوە لای پردی سەیداوە، لە دەستی ڕاست ٧ کۆڵانی لێ بوو تا دەگەیشتی بە پردی سەیداوە، کۆڵانی یەکەم بە دەست ڕاست پێیان دەگوت کۆڵانی ئاشی کە زیاتر خۆشناوەکانی لێ بوو لە کۆنیشەوە ئاشێکی لێ بووە بەڵام پێدەچێت سەرەتای ھەشتاکان ئەو ئاشە نەمابێت لەو کۆڵانە ماڵی نیزام شوکری لێ بوو، کۆڵانی دووەم کۆڵانی دۆمان بوو، ژمارەیەک ماڵە دۆمی لێ بوو، بەڕاستی خەڵکێکی بەڕێز و خزمدۆست بوون لەم کۆڵانەش ماڵی جەلال سەعید و ژمارەیەکی دیکە لەو هونەرمەندە میللیانەی تێدابوو، بەرامبەر ئەو کۆڵانەش ماڵە بنەسڵاوەییەکانییان لێ بوو، کۆڵانی چوارەم بە دەستی ڕاست کۆڵانێکی پان و بەرین بوو، ماڵی مامۆستا شێرزاد هەینی لەو کۆڵانە بوون، کۆڵانەکەی بەرامبەر ئەوانیش مزگەوتی سلێمان ئاغای لێیە و ماوەیەکیش هونەرمەند محەمەد جەزا ماڵەکەیان لەوێ بووە، ئیتر تا دەگەیشتیە خوارەوە جۆرەھا خەڵکی دیکەی دەوروپشتی ھەولێرێی لێ بوو، لە خوارەوەش ماڵە گامێشەوانەکانی لێ بوو ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر ھونەرمەند و نوسەر و یاریزان و کەسایەتی لێ ھەڵکەوتووە کە ھەندێکیان لە ژیاندا ماون.

سەیداوە لە دەمی شەڕی براکوژی چەند ساڵێک ناوەکەی گۆڕا بۆ گەڕەکی ئاشتی و دواتر ھەر بووەوە بە سەیداوە، ئێستا بەشێکی کەم لە خەڵکە رەسەنەکەی لەم گەڕەکە ماون بەھۆی ئەوەی نزیکە بازاڕە و زۆربەی خانووەکان کراون بە کۆگا و دوکانی بچووک.

ڕۆژنامەنووس هێمن بابان

Exit mobile version