ئەربیل لایف – هەولێر وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ناوی ئەو کۆمپانیایانە ئاشکرا دەکرێت کە بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی ٢٠٢٦ هەڵبژێردراون.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان بە (ئەربیل لایف)ی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری حکومەت، ناوی کۆمپانیا دەرچووەکان ڕادەگەیەنێت.” سەبارەت بە شێوازی ئاگادارکردنەوەکە، ستونی ڕوونیکردەوە کە هاوشێوەی پرۆسەی حاجیان، لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنی (دەروازەی حەج)ـەوە نامە بۆ خاوەن کۆمپانیاکان دەچێت لە ڕێگەی (واتسئەپ و ڤایبەر).
بەپێی زانیارییەکان، ئەمساڵ ١٥٧ کۆمپانیا بە شێوەی ئۆنلاین ناوی خۆیان تۆمار کردبوو، دوای هەڵسەنگاندن لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی وەزارەتی ئەوقافەوە، نزیکەی ١١٠ کۆمپانیا بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە و هاوەڵیکردنی حاجیان بۆ وەرزی حەجی ٢٠٢٦ پەسەندکران.



