ئەمڕۆ لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، خولی نوێی پێشانگای “ئۆتۆ شۆ” بە بەشداری ١٤٢ کۆمپانیا لە ١٢ وڵاتەوە دەستیپێکرد.
لە پێشانگاکەدا نوێترین مۆدێلەکانی ئۆتۆمبێل، پارچەی یەدەگ و بابەتی جوانکاری نمایش کراون و بڕیارە ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بێت. دەرگای هۆڵەکان ڕۆژانە لە کاتژمێر ١١ی بەیانی تاوەکو ٧ی ئێوارە بەڕووی سەردانیکاراندا کراوەیە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەمساڵی پێشانگاکە، ئەنجامدانی نمایشێکی تایبەتی ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکانە کە بڕیارە لە ڕۆژی سێیەمی چالاکییەکەدا لە دەرەوەی هۆڵەکانی پێشانگا بەڕێوەبچێت.
هێمن سابیر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بە ئەربیل لایفی ڕاگەیاند، کە پێشانگاکە ناوەندێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی براندە جیهانییەکان و ئاشناکردنی هاوڵاتییان بە نوێترین مۆدێل و پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل، هەروەها دەرفەتێکی باشیشە بۆ بازرگانانی ناوخۆ بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان.
ئامادەکردنی: عەبدڵڵا زرار

