لە دوێنێوە دەنگۆی ئەوە هەیە کە یاریزانانی یانەی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بڕیاریان داوە بایکۆتی ڕاهێنانەکان بکەن و ئامادەنین یاریی داهاتوو ئەنجام بدەن.
گوتەبێژی یانەی هەولێر ئیبراهیم قادر، پشتڕاستی ئەو دەنگۆیانەی کردەوە و گوتی: “یاریزانانی یانەی هەولێر وتوویانە تا مووچەکانمان پێ نەدەن بایکۆتی راهێنانەکان دەکەین و ئامادە نین یاریی داهاتوو بەرامبەر یانەی شوڕتە ئەنجام بدەین.”
ئەمە لە کاتێکدایە، یانەی هەولێر لە چەند ڕۆژی ڕابردوو قەحتان جەسیری وەک ڕاهێنەری نوێی یانەکەی دەستنیشان کرد، بەڵام ئەو ڕاهێنەرە ڕایگەیاندووە، تاوەکوو کێشەکانی یانەی هەولێر لەگەڵ یاریزانەکان چارەسەر نەکرێت ئامادە نییە ڕاهێنەرایەتیی یانەکە بکات لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
هۆکاری سەرەکیی کێشەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یاریزانانی یانەکە مووچەی دوو مانگیان پێنەدراوە، یانەکەش بە یاریزانەکانی گوتوە، کە توانای ئەوەیان هەیە تەنها یەک مووچەیان پێ بدەن.