چاوپێکەوتنێکی وەستا فەیسەڵ کە باسی مەکینەی ڕیش تاشین دەکات بووە پڕ بینەرترینی هەفتە لە تۆڕی سۆشیال میدیای ئەربیل لایف.
دوای ماوەیەکی زۆر، دووبارە وەستا فەیسەڵ دەرکەوتەوە و قسەی لۆ ئەربیل لایف کرد، لە چاوپێکەوتنەکەدا، باسی چەندین دیاردە و بەسەرهاتی خۆیکرد، لەگەڵ ژیان و کۆمەڵگەدا، دیارترین و بەربڵاوترین بڕگەی چاوپێکەوتنەکە کە لە پێگەکانی سۆشیال میدیا بە فراوانی بڵاوکرایەوە ئەوەبوو کە دەڵێت: “پێشووتر کاری چاککردنەوەی کامێرام دەکرد، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و پەیدابوونی مۆبایل کارەکەم نەما، بۆیە بڕیارمدا کاری چاککردنەوەی مەکینەی ڕیش تاشین بکەم، لەشەنسی من کە دەستمپێکرد هەموویان ڕیشیان هێشتەوە.”
وەستا فەیسەڵ، لەدایکبووی شاری هەولێرە، هەروەها وێنەگرێکی کۆنی شاری هەولێرە، دووکانێکی بچووکی لە دەڵاڵخانەی کۆن ناو مزەخەفرۆشان هەیە کە کاری چاککردنەوەی کامێرا بوە، بەڵام لە ئێستادا کاری چاککردنەوەی مەکینەی ڕیش تاشینیش دەکات، وەستا لە ناو خەڵكدا بە کەسێکی سادە و قسەخۆش و ڕۆشنیر ناسراوە، لەسەردەمی کۆرۆنادا زیاتر دەرکەوت، کاتێک ڕۆژانە ڤیدیۆی کۆمیدی و تەنزئامێزی لە بارەی دیاردەناشرینەکانی تاک و کۆمەڵگە بڵاودەکردەوە.