ئەربیل لایف – هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی گرنگ ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، بەرنامەی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراک کارا کراوەتەوە و ڕێکارەکانی وەرگرتنی کارتی سووتەمەنی ئاسانتر کراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەو هاووڵاتییانەی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی دروستکردنی کارتی سووتەمەنی سەردانی “بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر”یان دەکرد بە مەبەستی هێنانی پشتگیری، لەمەودوا پێویست ناکات سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بکەن.
ئەوەش ڕوون کراوەتەوە، لە ئێستادا بەرنامەی ئەلیکترۆنیی پسوولەی خۆراک (البطاقة التموينية) کارا کراوەتەوە؛ بۆیە هاووڵاتییان دەتوانن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە وێنەیەکی کۆپیکراوی پەڕاوی (فۆڕمی) خۆراکی ئەلیکترۆنی پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان بەبێ گرفت جێبەجێ بکرێت.

