ئەربیل لایف – هەولێر
کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی ١٥٠ قەرەوێڵەییی شێرپەنجە لە شاری هەولێر گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و تا ئێستا لەسەدا ٧٠ـی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە.
ئەم پڕۆژە ستراتیجییە کە بەردی بناغەکەی لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانراوە، کارەکانی بە خێرایی بەڕێوە دەچن. نەخۆشخانەکە بە جۆرێک نەخشێنراوە کە ڕۆژانە توانای پێشوازیکردنی لە زیاتر لە ١,٠٠٠ نەخۆش هەبێت لە بەشی ڕاوێژکاریدا، هاوکات گشت پشکنینەکان و جۆرەکانی چارەسەری کیمیایی، تیشکی ناوەکی و ئامێری پێشکەوتووی تیشکی (لیناک) لەخۆ دەگرێت.
پێکهاتەی نەخۆشخانەکە لە چەند بەشێکی سەرەکی پێک دێت، لەوانە:
– سەنتەری تیشک (ئامێری پێشکەوتووی لیناک)
– بەشی چارەسەری کیمیایی
– هۆڵەکانی نەشتەرگەری و خەواندنی نەخۆش
– بەشی فریاکەوتنی پێشکەوتوو
بە تەواوبوون و کەوتنەکاری ئەم نەخۆشخانەیە، ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشەوە و پێویستیی هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

