ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن ناچار بکرێن بە دەستەبەرکردنی کۆمەڵایەتی و بەستنی گرێبەستی فەرمی بۆ کارمەند و ڕۆژنامەنووسەکانیان.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: “دوای هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و وەرگرتنی ڕای یاساییی ئەنجوومەنی شورا، بەپێی یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، پێویستە هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە دەزگا میدیاییەکاندا کار دەکەن، دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت؛ بۆ ئەوەی لە کاتی دابڕان لە کار یان خانەنشینبووندا، مافە داراییەکانیان لە ڕێگەی هەژماری دەستەبەرەوە پارێزراو بێت.”
وەزیری کار ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە ئەو ڕۆژنامەنووسانە ناگرێتەوە کە لە هەمان کاتدا فەرمانبەری کەرتی حکوومین (چونکە لێبڕینی خانەنشینیی حکوومی دەیانگرێتەوە)، بەڵکوو تایبەتە بە کارمەندانی کەرتی تایبەت. هەروەها لیژنەیەکی کارگێڕی بە سەرپەرشتیی بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە پێک دەهێنرێت.
لای خۆشییەوە، ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان جەختی کردەوە کە دەبێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن هاوتەریب لەگەڵ دەستەبەری کۆمەڵایەتی، گرێبەستی فەرمیش بۆ کارمەندەکانیان بکەن. هاوکات ئاشکرای کرد کە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لە گفتوگۆدان بۆ پێدانی زەوی بەو ڕۆژنامەنووسانەی خزمەتیان لە هەشت ساڵ زیاترە، کە ژمارەیان هەزار و ٨٠٠ ڕۆژنامەنووسە.

