ئەربیل لایف – هەلێر
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وەرگرتنی کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ حکوومییەکان بکرێتە پێنج قیست.
بەپێی گشتاندنێکی فەرمی کە بە واژۆی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە و ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکوومییەکان کراوە؛ لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی کەسوکاری قوتابیان و خوێندکاران، بڕیار درا کرێی خوێندنی (پارالێڵ و ئێواران) بە شێوەی پێنج قیست لە خوێندکاران وەربگیرێت.
ئەم بڕیارەی وەزارەت هاوکاتە لەگەڵ داشکاندنی ڕێژەی ٪٤٥ لە کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی سەر شانی خێزانەکانە.

