ئەربیل لایف – هەولێر
وەزارەتی تەندروستی لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی لە کۆمەڵگەدا، ڕێنمایی و هۆشداریی لەبارەی شێوازەکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کەمیی بەرگریی لەش (HIV/ئایدز) بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت کە هەڵگرتنی ڤایرۆسەکە مانای کۆتایی ژیان نییە و دەستنیشانکردنی زوو، کلیلی چارەسەرە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرەڕای پێشکەوتنی خێرای زانستی پزیشکی، هێشتا هۆشیاری و خۆپاراستن کاریگەرترین قەڵان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە. وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە ڤایرۆسەکە بە بەرکەوتنی ئاسایی (وەک تەوقەکردن، دەستگوشین، پێکەوە دانیشتن یان بەکارهێنانی کەلوپەلی ڕۆژانە) ناگوازرێتەوە، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی دیاریکراوەوە دەگوازرێتەوە، لەوانە:
– پەیوەندیی سێکسیی نەپارێزراو لەگەڵ هەڵگری ڤایرۆسەکەدا.
– بەکارهێنانی دەرزی و کەرەستەی تیژی پیسبوو بە خوێنی تووشبوو، یان گواستنەوەی خوێنی پشکنیننەکراو.
– لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە لە کاتی دووگیانی، منداڵبوون یان شیرپێداندا (ئەگەر دایکەکە چارەسەر وەرنەگرێت).
سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپاراستن، تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی هەر گومانێکدا پشکنینی پزیشکیی پێشوەختە ئەنجام بدەن؛ چونکە دەستنیشانکردنی زوو، ڕێژەی سەرکەوتنی چارەسەر زۆر بەرز دەکاتەوە. هاوکات جەخت لە بەکارهێنانی کەرەستەی پزیشکیی پاکژکراو و دابینکردنی چاودێریی پێویست بۆ دایکانی دووگیان دەکاتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: “ئەنجامدانی پشکنین کارێکی تەواو نهێنی و سەلامەتە. دەستپێکردنی پێشوەختەی چارەسەر یارمەتیی تووشبوو دەدات ژیانێکی ئاسایی بەسەرببات؛ با پێکەوە تەندروستیی کۆمەڵگە بپارێزین.”

