تۆڕی سۆشیال میدیایی ئەربیل لایف

ئەربیل لایف، هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ١٧ی حوزەیرانی
٢٠٢٦، دەستنیشانکردنی یەکەمین دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی “تای
خوێنبەربوون”ی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند.

وردەکاریی تووشبووەکان: تووشبووەکان باوک و کوڕێکی تەمەن (٧١ و ٢٩) ساڵن و
دانیشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن. بەپێی بەدواداچوونە پزیشکییەکان،
هۆکاری تووشبوونیان بۆ سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵدا لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو
و بەرکەوتنیان بە ئاژەڵی تووشبوو و پاشماوەکانی دوای سەربڕین دەگەڕێتەوە.

باری تەندروستییان: دوای دەرکەوتنی نیشانەکان و ئەنجامدانی پشکنینە پێویستەکان،
هەردوو نەخۆشەکە لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا لە نەخۆشخانە خەوێندراون. لە
ئێستادا باری تەندروستیی یەکێکیان جێگیرە و ئەوی دیکەیان ناجێگیرە و چارەسەری
پێویست وەردەگرن.

هۆشدارییەک بۆ هاووڵاتییان: وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییە
تەندروستییەکان دەکاتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات: ١- لە کاتی هەبوونی هەر
نیشانەیەکی گومانلێکراو لەسەر ئاژەڵەکانیان، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار
بکەنەوە. ٢- ئەو کەسانەی بەخێوکاری ئاژەڵن یان مامەڵە لەگەڵ بەرهەمەکانیدا
دەکەن، لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە
بکەن.

ئاماری گشتی: تاوەکو ئێستا و لەمساڵدا، تەنها ئەم دوو حاڵەتە لەناو هەرێمی کوردستان
پشتڕاست کراونەتەوە، جگە لە دوو حاڵەتی دیکە کە لە شارەکانی دەرەوەی هەرێمەوە بۆ
وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی هەرێم کراون.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

Exit mobile version